لە كوەیت دوای ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی وڵاتەكە ڕاگەیەنرا، هاوكات داوای هەڵبژاردنی نوێ لە ماوەی چەند مانگێكیشدا دەكرێت بۆی وڵاتەكە تووشی هیچ بۆشاییەكی دەستووری و یاسایی نەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ی حوزەیران، شازادەی جێنشینی كوەیت، شێخ میشال ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڕاگەیاند و بانگەوازی هەڵبژاردنی نوێی لە ماوەی چەند مانگێكدا كرد.
شایانی باسە ئەم بڕیارە لەلایەن شازادەی جێنشینی كوەیت، شێخ میشال ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح لە وتارێكدا ڕاگەیەندرا كە پێشتر شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوێت پێشكەشی كرد و تێیدا ناوبراو بڕیارەكانی شازادەی جێنشینی خۆی بەرەكەتدار كرد، وەك ئەوەی ڕاگەیەندرا كە ئەنجوومەنی نیشتمانی بە شێوەیەكی دەستوور هەڵوەشاوەتەوە و بانگهێشتی هەڵبژاردن كراوە.
شازادەی جێنشینی كوەیت لە وتارێكدا كە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی تۆمار كرابوو گوتی، ئێمە بەهی شێوەیەك دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمان ناكەین.
شازادەی جێنشینی
كوەیت لە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیدا ئەوەیشی گوت، "ئێمە لە دەستوور لانادەین و هەموار ناكەین و نە تێكیدەدەین، ئەمینداریەتی حكوومەتمان وەك ئەركێك لە شان گرتووە نەك وەك شەرەف و بەڵێن دەدەین كە ئەم متمانەیە بپارێزین."
ئاماژەی بەوەشكرد، "كوەیت دەوڵەتێكی دامەزراوەكانە، خاوەن ئەزموونێكی پێشەنگانە و چرایەكی كاری مرۆییە، بۆیە كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری نیشتمانی و خۆشگوزەرانی خەڵك و بۆ پشتڕاستكردنەوەی یەكڕیزییان، مەترسی هەیە و قەیرانەكانی دەوروبەری وڵاتمان لە هەموو لایەكەوە بە ئاسانی دەبینرێت بۆیە ناكرێت ئێمە بە هیچ شێویەك تووشی قەیران بین".
ڕوونی كردەوە، "دیمەنی سیاسی بە جیاوازی و بەرژەوەندی شەخسی لەسەر حیسابی میللەت دڕاوە و پچڕانی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان تووشی پەكخستنیان دەكات، پراكتیكێك هەیە كە هەڕەشە لە یەكڕیزی نەتەوەیی دەكات و هەن. ئەوەش نابێت بمێنێت چوونكە لەگەڵ بەرژەوەندی هاووڵاتییانماندا ناگونجێت".
دووپاتیشی كردەوە، "نەبوونی ڕۆڵی حكوومەت لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەدا پرۆسەی گەشەپێدانی پەكخستووە، دەستوەردانمان لە كاری دەسەڵاتداران نەكرد، بەڵام هیچ دەستكەوتێكمان لێیان نەبینی. هاووڵاتییان لە كاری دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن ڕازی نین، بۆیە سوورم لەسەر ئەوەی بڵێم كە لە دۆخی ئێستە حكوومەتی وڵاتەكە و پەرلەمانی كوەیت پێویستی بە وەستان و پێداچوونەوە هەیە".
لە كۆتایدا ئەمیری كوەیتیش دەسەڵاتی بە شازادەی جێنشینی خۆی دا، بۆیە ئەوەی لەم ماوەیە بە تەواوی دەسەڵاتەكانەوە بەناوی ئەمیر و خۆیەوە قسە لەگەڵ خەڵكی كوێت بكات و گوێ لە پێشنیار و داواكانیان بگرێت.