كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە بەردەم چارەنووسێكی نادیارە

:: AM:09:00:23/06/2022 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر ساز بكات، تا ئێستەیش كێشەی تەواوبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران هەیە، چونكە دیار نییە چەند فراكسۆن و پەرلەمانتار ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبن.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بە بەشداریكردن یان نەكردن دیاری نەكردووە
دوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر ئێستە چەندین كێشە بەرۆكی پەرلەمانی عێراق و پرۆسەی سیاسی عێراقی گرتووە، بۆیە پێشبینی دەكرێ‌ لە كشانەوەی هەر فراكسیۆنێك یان بەشداری نەكردنیان لە دانیشتنەكە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجام نەدرێ‌.

پەیوەست بە كوردستان ، ئەگەرچی تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بە بەشداریكردن یان نەكردن دیاری نەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێ كە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ببن.

پێشتر پەرلەمانتارانی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایان گەیاندبوو، ئەگەر پرۆسەی شوێنگرتنەوەكە لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەم بەڕێوە چوو، مانای ئەوە نییە لەگەڵ چوارچێوەدا چووینەتە ناو هاوپەیمانیەتی، ئەوەی هەیە ئاماژەی ئەرێنیمان لە سەرانی چوارچێوە لەبارەی وەرگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و گەلی كورد بەدەست گەیشتووە.

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە ئەندامانی فراكسیۆنی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە، بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەكانی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر بكەن.



وشە - رامیار جەواد