شاندێكی سەربازی كوردستانە گەیشتە بەغدا

:: AM:10:01:23/06/2022 ‌
كەمێك پێش ئێستە شاندێكی سەربازی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرۆكایەتیی دەكات، گەیشتە بەغدا و كەمێكی تر دەست بە كۆبوونەوە دەكەن.

سەردانی ئەم شاندە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بە فڕۆكەیەكی سەربازی سوپای عێراق دەستی پێ كرد و دوای سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆك ئەركانی سوپا و شاندەكەی بۆ هەولێر، هات.

ستار عەبدولكەریم بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە"وشە"ی راگەیاند، سەردانەكە فەرمی و سەربازییە و بۆ گەیشتنە بە رێككەوتن لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی هاوبەش، هاوكات وەك وەڵامدانەوەی سەردانی سەرۆك ئەركانی سوپایە".

شاندەكەی كوردستان لە بەغدا لەلایەن عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق پێشوازییان لێ كرا و دیدارەكانیشیان سەرەتا هەر لەگەڵ ئەو دەبێت، بەو پێیەی خۆی سەرپەرشتی ئەو دۆسیانە دەكات كە هەفتەی رابردوو لەگەڵ شاندەكەی وەزارەتی بەرگریی و پۆلیسی فیدراڵی و هەواڵگری عێراق، لە هەولێر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

بەگوتەی ستار، شاندی كوردستان لەلایەن عیسا عوزێر سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە سەرۆكایەتیی دەكرێت و ژمارەیەك ئەفسەری باڵای هێزی پێشمەرگە یاوەری دەكەن.

كوردستان و عێراق لەڕووی سەربازییەوە چەند كێشەیەكی هەڵواسراویان هەیە، كە دیارترین دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەشە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان كە ساڵی رابردوو مەشقیشیان كرد، بەڵام هێشتا عێراق فەرمانی دارایی بۆ دەرنەكردن و دەست بەكار نەبوون. هاوكات دۆسیەی بودجەی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق و چەكوتەقەمەنی، دوو بابەتی تری جێی گفتوگۆن.



وشە - وشه‌