ئەمڕۆ لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان پێنجەم فێستیڤاڵی گێلاس دەستی پێ کرد بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سوپای پاسدران دەستی بەسەر تەواوی بەرنامەی رێورەسمەکە و تەنانەت وتارەکانی فێستیڤالەکەشداگرتووە، خەڵک بایکۆتی فێستیڤاڵەکەیان کرد.
ماوەی چەند ساڵێک بوو له شنۆ كه به پایته‌ختی گێلاس ناسراوه، فێستیڤاڵی گێلاس به‌ڕێوه دەچوو و تێیدا جگه له چه‌ندان جۆر میوه، كۆمه‌ڵێك كاری ده‌ستی و چالاکی هونه‌ری و ئەدەبی و کەلتووری نمایش ده‌كرێن و خەڵک و رێکخراوە ناحکوومییەکان لە بەڕێوەبردنی فێستیڤالەکەدا رۆڵی باڵایان هەبوو.
فێستیڤاڵه‌كه ئەمڕۆ پێنجشه‌م 23ی حوزه‌یران كه دووه‌م رۆژی هاوینه دەستی پێ کرد بەڵام بە هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی فێستیڤالەکە لە لایەن سوپای پاسداران، بایکۆت کرا.
هەر شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک لەوە ئاگادار کرایەوە کە فێستیڤالەکە لە کۆنترۆڵی خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنی دەرچووە و سوپای پاسداران بەڕێوەی دەبات و بۆیەش خەڵک بەشدارییان لە فێستیڤالەکەدا نەکرد و تەنیا چەند بەرپرسێکی حکوومی بەشدار بوون.
ئامانجی فێستیڤاڵەکە ئەوە بووە پەرە بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت و سەرنجی گەشتیارانیش بۆ لای خۆی رابکێشێت و بۆیەش لە وەرزی گێلاسدا بەرێوە دەچێت چونکە لەو وەرزەدا زۆرترین گەشتیار سەردانی شنۆ دەکەن.
ئاماژه‌ی داوه به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گێلاسی شنۆ ده‌گاته سه‌رووی چوار هه‌زار تۆن و به‌راورد به ساڵی رابردوو 17% زیادی كردووه.
جێی باسه له وه‌رزی رنینی گێلاس له شاره جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خه‌ڵك به‌مه‌به‌ستی گه‌شت و سه‌یران سه‌ردانی شنۆ ده‌كه‌ن و شاره‌كه مه‌ڵبه‌ندێكیشه بۆ رەخساندنی هه‌لی كار و له‌و وه‌رزه‌دا سه‌رووی حه‌وت هه‌زار هه‌لی كار دابین ده‌كرێت.
خاكی به پیت و ئاوی سازگار و كه‌شوهه‌وای فێنكی شاره‌كه وایكردووه، گێلاس به‌بێ به‌كارهێنانی كیمیا و ده‌رمانه قڕكه‌ره‌كان پێ بگات.
نازناوی پایته‌ختی گێلاس به شاره‌كه دراوه
گێلاسی شنۆ به باشترین جۆری گێلاس له هه‌موو ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت و سه‌رووی سێ هه‌زار و 200 دۆنم باخی گێلاس له شنۆ‌دا هه‌یه، بۆیه نازناوی پایته‌ختی گێلاس به شاره‌كه دراوه. خاكی به پیت و ئاوی سازگار و كه‌شوهه‌وای فێنكی شاره‌كه وایكردووه، گێلاس به‌بێ به‌كارهێنانی كیمیا و ده‌رمانه قڕكه‌ره‌كان پێ بگات.
پێویسته بگوترێت به‌رهه‌می گێلاسی شنۆ هه‌نارده‌ی ئه‌رمینیا و رووسیا و پاكستان و عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندان وڵاتی تر ده‌كرێت، له ناوخۆی ئێرانیشدا هه‌نارده‌ی سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌كرێ.
شنۆ كه‌وتووه‌ته باشووری پارێزگای ورمێ و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارچه‌ی باشوور و باكوری كوردستان هاوسنووره.