دیوانێکی نوێی لەتیف هەڵمەت چاپ و بڵاو کرایەوە

:: AM:11:24:23/06/2022 ‌
دیوانی «یەک خودا و هەزار و یەک ڕێگا بۆ بەردەرگای ماڵی یار» لە نووسینی لەتیف هەڵمەت شاعیری ناسراوی کورد بڵاوکرایەوە.

لەتیف هەڵمەتی شاعیر بە "وشە"ی گوت، لە دیوانی "یەک خودا و هەزار و یەک ڕێگا بۆ بەر دەرگای ماڵی یار"دا خوازیارە زۆر پەیامی جیاواز بگەیەنێت. شیعرەکانی ئەم دیوانە گوزارشتە لە نیشتمانپەروەری و مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و سۆفیگەری و هەندێ مەبەستی تر.

ئەو ئاماژەی دا، ئەم دیوانە لە دووتوێی 166لاپەڕەدا لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە و هیچ مەراسیمێکی بۆ ساز ناکات.

لەتیف هەڵمەت شاعیری گەورە و ناسراوی گەلی کورد ساڵی 1947 لە شارۆکەی کفری لە دایک بووە


لەتیف هەڵمەت شاعیری گەورە و ناسراوی گەلی کورد ساڵی 1947 لە شارۆکەی کفری لە دایک بووە و تا ئێستە نزیکەی 70  بەرهەمی بە چاپ گەیاندووە 

ئەمەی خوارەوە دوو هۆنراوەی ناو دیوانەکەیە.

''بەردیش یەکدی ماچ دەکەن''

ڕەشەباش دزە… ئەی ئەوە نییە کەدێ
هەموو 
پایزێ
گەڵای دارستانەکان 
دەدزێ…

بوو بە لافاو و گوندێکی خاپوورکرد
 زوو بەزوو
هەرەسی سەهۆڵبەندان نا
فرمێسکی کچێک
 بەزۆر دایان بەشوو

شووشە عەترەکانی شکاوە
بەهەزار چاو خوڕ خوڕ کەوتۆتە گریان
زستان…
کە یەکدی ماچ دەکەن لە دەشت و هەرد
ئاگر لە ماچەکانیان دەبارێ:
بەرد..



"دوو تابلۆی ناڕیالیزمی"

کچێک لە لای چەپی شەقامێک
لە دەمی کەوتە خوارەوە
خەندەیەک
لای چەپی شەقامەکە بوو بە 
باخچەیەک.

منیش لەسەر لای ڕاستی شەقامەکەدا
لە نووکی قەڵەمەکەم کەوتە خوارەوە
پەیڤێک
لای ڕاستی شەقامەکە 
بوو بە دیوانە
شیعرێک.


کەدایکی مرد 
ئەوەندە شیعری لاوانەوەی
بە فرمێسک بۆ نووسی بوو بە
شاعیر
سەعدی شیرازی نا
لەتیف هەڵمەت…


سلێمانی\ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان