چەند ڕێنوێنییەكی زانستی و گرنگ بۆ قوتابیانی پۆلی 12

:: AM:11:35:23/06/2022 ‌
نووسەرێك چەند ڕێنوێنییەك بۆ قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاو دەكاتەوە، كە پێویستە لە كاتی تاقیكردنەوەكان قوتابی بیزانێت و گرنگی پێ‌ بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی حوزەیران، فرسەت سەید شكور نووسەر، چەند رێنوێنییەكی گرنگی بڵاو كردووەتەوە بۆ قوتابیان، تێدا هاتووە، سەرەتا قوتابی دەبێت ناسینی مێشك و تواناكانی مێشكی بزانێت، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی خۆقبوڵكردن بەو شێوەیەی كە هەیت، واتە خۆت بەكەم نەزانین و دیاریكردنی ئامانج، بڕوا بەخۆبوون، تێروانینت بەرانبەر بەخۆت باش بێت.

بیروخەیاڵت تەنیا لای خوێندن بێت و مێشكت ئاڵـۆز نەبێت
باسی لەوەش كردووە، خۆت ئامادەبكە بۆ خوێندن، واتە دەست دەكەیت بەخوێندن بیروخەیاڵت تەنیا لای خوێندن بێت و مێشكت ئاڵـۆز نەبێت، هەروەها بەوپەڕی ئامادەباشیەوە دەست بەخوێندن بكە.

لەبارەی شوێنی خوێندن نووسیوویەتی، باشترین شێوازی خوێندن لە ژورێكدایە كە شتی سەرنجراكێشی تێدا نەبێت و بەدانیشتن لەسەر كورسی و مێز بخوێنیت باشترە، هەروەها بۆ ئـەوەی مێشكت ماندوو نەبێت باشترە 25 خولەك بخوێنیت و پێنج خولەك پشوو وەربگری.

لە ڕێنوێنییەكان ئەوەش باسكراوە، دوركەوە لەوشتانەی كاتت دەبەن وەك مۆبایل و تیڤی و هاوڕێی خراپ، هەروەها لابردنی ئەوشتانەی "حەساسیەت" دروسـت دەكەن وەك لەبەركردنی جلوبەرگی تەنك و ساردی و گەرمی.

خاڵێكی گرنگ كە پێویستە قوتابی لە كاتی خوێندن لەبەرچاوی بێت، خەیاڵ كردن بۆ داهاتوویەكی باش و گەشبینانە بیركردنەوە لە هەموو شتەكان، بەكارهێنانی ئەوەی ئەیخوێنیت، چونكە هەرشتێك بەكارت هێنا لە بیرت ناچێتەوە.

لە یەكێك لە ڕێنوێنییەكان كە زۆرێك لە قوتابیان هەمیشە پرسیاریان هەیە ئەویش چۆنیەتی بەهێزبوونی توانای مێشكە بۆ خوێندن ئەو نووسەرە دەڵێت، دوو كەوتنەوە لە زۆر قسەكردن و زۆر بڵێیی، دووركەوتنەوە لە توڕەبوون زۆر پێویستە، بۆ خۆراكیش پێویستە لە بڕی سێ‌ ژەمی قـورس پێنج بۆ شەش ژەمی سووك بخورێت مێشك بەهێز دەكات.

خاڵێكی گرنگ بۆ بەهێزبوونی مێشك بریتییە لە خواردنی فستق و باوی و گوێز كە بڕێكی زۆر ترشەڵۆكی چەوریان تێدایە و مێشك زۆر چالاك دەكەن، لەگەڵ خواردنی یەك سێوی ڕۆژانە كە ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.

لەبارەی كاتی نووستنیش ڕێنوێنی بۆ قوتابیان ئەوەیە پێویستە ڕۆژانە شەش بۆ هەشت سەعات بخەون.

بڕیارە ڕۆژی 27ـی حوزەیران، تاقیكردنەوەكانی كۆتایی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە سەعات حەوت و 30 دەقەی بەیانی بەڕێوە بچێت.

وەكو دەزگای ڕۆژنامەوانی "وشە" هیوای سەركەوتن بۆ قوتابیان دەخوازین.
 



وشە - رامیار جەواد