گرانیی وایکردووە ئێرانییەکان 30% کەمتر میوە بکڕن

:: PM:04:07:23/06/2022 ‌
نرخی میوە لە ئێران زۆر بەرزە و خەڵکیش داهاتیان کەمە و توانای ئەوەیان نییە میوەی پێویست بۆ خۆیان دابین بکەن و بۆیەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو کڕینی میوە 30% کەمی کردووە.

ئیسماعیل مورادیان سەرۆکی یەکێتی فرۆشیارانی میوە و سەوزە رای گەیاند، خەڵک نازانن چ جۆرە میوەیەک بکڕن و گرانیی وایکردووە، تەنیا پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک پەتاتە و تەماتە بکڕن و لە کڕینی میوە دوور بکەونەوە.

وەک خستوویەتە ڕوو نرخی کیلۆیەک قەیسی 40 تا 70 هەزار تمەنە، گێلاس 30 تا 120 هەزار تمەن و فراولە بە 30 تا 80 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

سیاسەتەکانی ئیبراهیم رەئیسی لە بواری ئابووری هۆکار بووە لەوەی بازاڕەکانی ئێران بشێوێن

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، سیاسەتەکانی ئیبراهیم رەئیسی لە بواری ئابووری هۆکار بووە لەوەی بازاڕەکانی ئێران بشێوێن و نرخەکانیش لە کۆنترۆڵ دەربچن و حکوومەت نەتوانێت نرخیان بۆ دیاری بکات.

پێشتر 61 ئابووریناس لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی لە دەرهاویشتەکانی ئەو جۆرە سیاسەتە هۆشدارییان دابوو و بەرزبوونەوەی نرخەکان یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو خۆپێشاندانانەیە کە شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە.

جگە لە میوە و سەوزە، فرۆشتنی گۆشتی سووریش بە رێژەی 20% دابەزیوە و سەرۆکی فدراسیۆنی پیشەسازی خۆراکیش باس لە نیوە دابەزینی بەرهەمەکانی پیشەسازی خۆراک دەکات. هاوکات کڕینی شیریش بەراورد بە مانگی رابردوو بە رێژەی 20% کەمی کردووە.


وشە - سلێمان تاشان