دوێنێ سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم لەبارەی بەشداریی لە حكوومەتی داهاتوو و پرۆسەی سیاسیی عێراق، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانە بە هەرسێ پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، پەرلەمانتارێكی چوارچێوەیش رای گەیاند كە هەمووان بەو پرەنسیپانە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رازین.
حكوومەتی نوێ كار بۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بكات
ئەمڕۆ پێنجشەم
ئەحمەد ئەسەدی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەیاننامەیەكدا لەناو پەرلەمانی عێراق خوێندییەوە گوتی، هێزە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی نیشتمانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی رێككەوتوون، بەشێوەیەك خواستەكانی گەلی عێراق بێنێتە دی و رێز لە بەها دەستوورییەكان بگرێت، كاریش بۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بكات، جیا لە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و سەپاندنی شكۆی دەوڵەت لەسەر هەمووان.
ئەسەدی لە بەیاننامەكەدا دووپاتی لە گرنگیی قۆناغی ئێستە كردەوە، لەپاڵ بەڵێندان بەوەی چارەسەرییەكان لە ئاستی مەترسی و كێشەكاندا بێت، پێویستیشە هێزە سیاسییە بەشدارەكان لە پێكهێنانی حكوومەتدا بەرپرسیارەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشانە بگرنە ئەستۆ، جیا لە رێزگرتنیان بۆ بڕیاری فراكسیۆنی سەدر.