لیستی ئه‌و یاریزانانه‌ی ریال داوایان ده‌كات ئاشكرا بوو

:: PM:06:18:23/06/2022 ‌
راپۆرته‌ رۆژنامەوانییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی حوزه‌یران ئاشكرایان كرد، یانه‌ی ریال مەدرید لە نزیکەوە چاودێریی یەکێک لە ئەستێرەکانی یانه‌ی تۆتێنهامی ئینگلیزی ده‌كات، هه‌روه‌ها چه‌ند یاریزانێكی تری وه‌ك ئامانجی خۆی دیاریی كردووه‌.

رۆژنامەی "زە سەن"ی به‌ریتانی بڵاوی کردەوە، یانەی ریال مەدرید ئارەزووی ئەوە دەکات ئەستێرەی کۆریای باشوور سۆن هیونگ مین بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، کە وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا خەڵاتی گۆڵکاری پرێمەرلیگی بە هاوبەشی لەگەڵ محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول به‌ده‌ست هێنا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سۆن بەشێکە لە لیستێکی کورتی هێرشبەران کە یانەی ریال مەدرید ئاماده‌ی كردووه‌، لە کاتێکدا کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری مه‌درید، هەوڵی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی تیپه‌كه‌ی ده‌دات، ئه‌مه‌ش دوای تەواوبوونی گرێبەستی گاریس بەیڵ و ئیسکۆ، هەروەها مارکۆ ئەسێنسیۆش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ هه‌یه‌ تیپه‌كه‌ جێ بهێڵێت.
 
سۆن لە 324 یارییدا 131 گۆڵی تۆمارکردووە و 73 ئەسیستی بۆ یانەی تۆتێنهام کردووە،  لە ناو چەند هێرشبەرێکی هەڵبژێردراودایە، کە وەک ئامانجی یانەی ریال مەدرید دانراون، ئەوەش دوای ئەوەی کیلیان مباپێ رەتی کردەوە پاریس سانجێرمان جێ بهێڵێت و بچێتە یانەی شاهانه‌.

ئامانجه‌كانی تری ریال مه‌درید به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، پێك دێن له‌ سێرج گنابری یاریزانی بایرن میونشن، ئەلیخاندرۆ گارناچۆی یاریزانی لاوی مانچستەر یونایتد، ریچارلیسۆنی یاریزانی ئێڤێرتۆن و گابرێل خیسۆسی ئەستێرەی مانچێستەر سیتی. 





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا