مووشەكهاوێژە مەترسیدارەكەی ئەمەریكا گەیشتە ئۆكراینا

:: PM:07:48:23/06/2022 ‌

سبەی جەنگی رووسیا و ئۆكراینا دەچێتە ناو پێنجەم مانگییەوە، جەنگەكە زیاتر لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە دۆنباس چڕ بووەتەوە، رووسیا دەیەوێ ناوچە نزیك سنوورەكانی و خاوەن زۆرینەی رووسی زمان كۆنترۆل بكات، بەوەیش بە هاوشێوەی هەرێمی قرمیا وەك ئەمری واقیع بیانكاتە ناوچەی رووسی، بەرگریكاریی ئۆكراینەكانیش بەردەوامە، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رای گەیاند كە مووشەكهاوێژی "هیمارس"یان بەدەست گەیشتووە.
ئەو سیستمە زۆر یارمەتی ئۆكراینەكان دەدات لە جەنگی دۆنباس
ئۆلێكسی ریزنیكۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆكراینا لە تویتێك نووسیویەتی، مووشەكهاوێژی "هیمارس"، گەیشتە ئۆكراینا، سوپاس بۆ لوید ئۆستنی هاوڕێ و دۆستم، وەزیری بەرگری ئەمەریكا، بۆ ئەو ئامرازە جەنگییە بەهێزە، ئەو وێنەی سیستمە مووشەكهاوێژەكەی بڵاو كرەوە كە لەسەر زریپۆشی هەڵگیراوە. 

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا وەجبەیەكی تری یارمەتی سەربازی بۆ ئۆكراینا راگەیاندبوو، ئەوەیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی رووسیا، یارمەتییەكەیش چوار مووشەكهاوێژی جۆری "هیمارس"، و هەزار مووشەكی دژە تانك لە جۆری "جافلین"، و چوار هەلیكۆپتەری جۆری "می-17"ی لەخۆ گرتووە.

وەك كۆلین كال، جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریكا پێشتر رای گەیاند كە هێزەكانی ئۆكراینا پێویستیان بە مەشقكردن بۆ سێ هەفتە هەیە بۆ فێربوونی بەكارهێنانی ئەو سیستمە مووشەكییە، واتە "هیمارس"، كە رەنگە زۆر یارمەتی ئۆكراینەكان بدات لە جەنگی دۆنباس.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل