پەرلەمانتارێكی كوردستان باسی ئەگەری گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار دەكات

:: PM:08:32:23/06/2022 ‌

گۆڕینی نرخی دۆلار یەكێك بوو لە رێوشوێنەكانی پێڕەوكراو لەلایەن حكوومەتی عێراق لە 2020 بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە سەختە داراییەی بەرۆكی عێراقی گرت، بە گوتەی شارەزایان حكوومەتی عێراق ئەو هەنگاوە نەهاوێشتبا، دۆخەكە زۆر خراپ دەبوو و نەیدەتوانی لە دابینكردنی مووچە بەردەوام بێت، پەرلەمانتارێكی كوردستان باسی ئەگەری گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار لە عێراق دەكات.
 
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق ئەگەری ئەوەیان لێ بەدی دەكرێت كە رەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەبێت.
ئەم هەنگاوە رۆڵی لە كپكردنی دەنگە ناڕازییەكانی شەقامی عێراقی دەبێت
روونی كردەوە، دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەیەك بەدی دەكرێت كەوا بەم نزیكانە سەدر بڕیاری كشانەوە لە تەواوی پەیكەری حوكمڕانی عێراق بدات، لە ئەگەری روودانی ئەوەیش، نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دۆخی ئابووری عێراق دەچێتە قۆناغێكی ترەوە.

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رێگەی پەرلەمانتارەكانییەوە، بەردەوام لە هەوڵی دروستكردنی كاریگەرییە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی سەر بە سەدرییەكانە، بە داواكاریی پەرلەمانتارانی چوارچێوە رازی نەدەبوو، بۆیە لە ئەگەری كشانەوەی سەدر لە حكوومەت، پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكەوێتە دەست چوارچێوە و ئەوكات جێبەجێكردنی ئامانجەكەیان، كە دابەزاندنی نرخی دۆلارە بەرانبەر بە دینار زۆر ئاسانتر دەبێت. 

كاكەیی دووپاتی دەكاتەوە، دیارە یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی شەقامی عێراقی دابەزاندنی نرخی دۆلارە، هەر بۆیە ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تا رادایەك رۆڵی لە كپكردنی دەنگە ناڕازییەكانی شەقامی عێراقیدا دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل