تانیا جه‌مال غه‌ریب له دایكبووى شارۆكه‌ى قه‌ڵادزێ، به‌شێكى زۆرى ژیانى خۆى بۆ پرسه‌كانى ژن و كه‌مئه‌ندامان و بوارى په‌روه‌رده‌یی ته‌رخان كردووه، ئێسته‌ش سه‌رۆكى رێكخراوی "ناوین"ـه بۆ پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی كار و پڕۆژه‌كانیان ده‌دوێ و رای ده‌گه‌یه‌نێ "ده‌ستمان كردووه به پێوه‌ندی و ئامانجمان لێك نزیككرنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ناوخۆ و پارچه‌كانی كوردستانه".
* تانیا جه‌مال غه‌ریب چۆن ده‌ناسێنی؟
شانازى به‌وه ده‌كه‌م كه له ماڵباتێكی ڕۆشنبیر و نیشتمانپه‌روه‌ر هه‌ڵكه‌وتووم، ماڵمان دیوه‌خانی پێشمه‌رگه و كتیب و رۆشنبیران بووه، هه‌موومان خۆمان به قه‌رزارى باوكمان ده‌زانین كه فێرى كردین چۆن دڵسۆزى ئه‌و وڵاته بین و له هه‌ر شوێنێك بین ده‌ستپێشخه‌ر بین له خزمه‌تكردنی.
* له چه‌ند بوارى جیاجیادا خزمه‌تى چین و توێژه‌كانتان كردووه؟
دواى ته‌واوكردنى كۆلیژ، له په‌رله‌مانى كوردستان دامه‌زرام و وێڕاى كاره‌كانى خۆم له به‌شى ڕاگه‌یاندنیش ده‌ستم پێ كرد، هه‌ر له‌وكاته‌وه چوومه ناو دنیاى ڕاگه‌یاندن، دواتر له چه‌ندان ڕۆژنامه و گۆڤار وه‌ك سه‌رنووسه‌ر و به‌رپرسى لاپه‌ڕه و گۆشه‌ى جیاوازه‌وه كارم كردووه و نووسینم له‌باره‌ى زۆربه‌ى كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى هه‌بووه، هه‌روه‌ها به‌درێژایی ژیانى خۆم وه‌ك چالاكێك خزمه‌تى بوارى ژنان و كه‌مئه‌ندامانم كردووه، له هه‌مان كاتدا له بوارى په‌روه‌رده‌ییدا خزمه‌تێكى زۆرى منداڵانم كردووه، ئێسته‌شى له‌گه‌ڵدا بێت له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ چه‌ندان ڕێكخراوى بیانى خول و وۆركشۆپ ئه‌نجام ده‌ده‌ین.
* ئاماژه‌ت به‌وه دا له ماڵباتێكی دیارى كوردستان هه‌ڵكه‌وتوون به تایبه‌تى له ئه‌ده‌بیات و نووسیندا، بۆچى تۆ له‌و ڕێچكه‌یه‌دا ناوبانگت ده‌رنه‌كه‌وتووه؟
ئێمه له ماڵه‌وه هه‌موومان خوێنه‌ر بووین، مامۆستا "جه‌بار جه‌مال غه‌ریب"ی برام سه‌رده‌سته‌ى هه‌مووان بووه له بابه‌ت نووسیندا، بۆیه هه‌موومان شانازى پێوه ده‌كه‌ین، منیش كاتێك كارى ڕۆژنامه‌نووسیم كردووه و چه‌ندان راپۆرت و وتار و بابه‌تم نووسیوه، واتا تواناى نووسینم هه‌بووه، به‌ڵام وه‌ك چیرۆكنووس و رۆماننووس مه‌رج نییه هه‌موومان ئه‌و توانایه‌مان هه‌بیت. من زیاتر حه‌زم له وه‌ڕگێڕان بووه و چه‌ند كتێبێكى تایبه‌ت به په‌روه‌رده و كارامه‌یییه‌كانی ژیانم له زمانى عه‌ره‌بییه‌وه بۆ سه‌ر زمانى كوردى وه‌رگێڕاوه.
* له ئێسته‌دا ڕێكخراوێكتان دامه‌زراندووه به‌ناوى په‌یمانگه‌ى (ناوین) ئامانجتان چییه له‌وه؟
ڕێكخراوه‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى كۆمه‌ڵێك ئامانج دامه‌زراندووه، چه‌سپاندن و گه‌شه‌پێدانى بنه‌ماى گفتوگۆ و لێك تێگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م گرفته‌كان له ژیانى سیاسیى كوردستان و بیناكردنى دۆستایه‌تى و پێوه‌ندی ناوخۆیی هه‌رێمى كوردستان و پارچه‌كانى تر، گرنگیدان به ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ی زانستى و ستراتیژى بۆ سه‌رجه‌م پرسه گرنگه‌كانى ئێسته و داهاتوو، هه‌روه‌ها ئامانجمان به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاست و تواناى فێرخوازان و ده‌رچه‌وانى به‌شه‌كانى زانستى سیاسه‌ت و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تییه له رێگه‌ى كردنه‌وه‌ى خول.
كاری ترمان دانانى كتێبخانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كتێبه‌كان له‌سه‌ر زمانه‌كانى تره‌وه وه‌رگێڕانى بۆ سه‌ر زمانى كوردى بكه‌ین و قوتابییان سوود له سه‌رچاوه‌كان ببینن، له‌لایه‌كى تره‌وه ئامانجى سه‌ره‌كیمان دروستكردنى پێوه‌ندى دیپلۆماسی و ناساندنى كولتوور و پێشكه‌وتنى كوردستانه به دنیاى ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له ئێسته‌دا له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى پێوه‌ندییه‌كى باشى هه‌یه، به‌ڵام پێویستى به به‌رده‌وامى كارى باشتر و گه‌وره‌تر هه‌یه.
* له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌توانن پێوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریى زیاتر بۆ كوردستان؟
ئێسته له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى كونسوڵگه‌ی وڵاتان له كوردستان و فه‌رمانگه‌ى پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له پێوه‌ندیداین، ده‌مانه‌وێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر كارێك له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه، لایه‌نى پێوه‌ندار له كوردستان ئاگادار بێت، هێشتا زۆر زووه باس له‌وه بكه‌ین چونكه په‌یمانگه‌كه‌ى ئێمه زۆر تازه‌یه و پێویستمان به به‌رده‌وامى و ئه‌زموونى زیاتر هه‌یه تا بتوانین بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ى كه پشتگیرى له ده‌ره‌وه بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، به‌ڵام ئامانجێكی سه‌ره‌كیمانه و كاری بۆ ده‌كه‌ین.
محه‌مه‌د جه‌مال