له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ چاودێری كاره‌بای نیشتمانی ده‌كرێت

:: PM:07:49:30/03/2017 ‌
به‌ مەبەستی گەڕاندنەوەی بڕی كارەبای نیشتیمانی و گەیاندنی بە یەكسانی بۆ هاووڵاتییان وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم پڕۆژەیەك ئاڕاستەی وەزارەتی گواستنەوە دەكات تا لە ڕێگەی فریكوێنسی تایبەتەوە چاودێری كارەبای نیشتیمانی بكرێت لەمەودوا.

محەمەد كانی ڕێكخەری كاروباری ڕاگەیاندن لە نووسینگەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی گوت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە نێوان مەولوود باوەمراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم و هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا بەڕێوەچوو كە تیایدا وەزارەتی كارەبا داوای دابین كردنی فریكوێنسی تایبەتی كرد بۆ پێوەری زیرەكی ماڵان تا لەمەودوا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە چاودێری كارەبای ماڵان بكرێت.

كانی روونی كرده‌وه‌، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئامادەیی وەزارەتەكەی پیشان دا كە فریكوێنسێكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بەخۆڕایی و بێ‌ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان دابین بكات.

لای خۆیەوە ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم لە وەزارەتی كارەبا بۆ "وشە" رای گه‌یاند، پرۆژه‌كه‌ كاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر دەست نیشان كردنی جۆری سەرپێچیەكان و چارەسەری گرفتە تەكنیكیەكان و دیاری كردنی ئەو شوێنانەی لۆدی زۆری كارەبای لەسەرە.

ئەحمەد زیاتر گوتی، ئەم پێوەری زیرەكە ئەپلیكەیشنێكی تایبەت بە خۆی دەبێت و لە ڕێگەی ناوەندێكی تایبەتی كۆنتڕۆڵەوە كە لە هەولێر دەبێت كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای نیشتیمانی دەكات بۆ شارەكان و بە تۆڕی ئینتەرنێت دەبەسترێتەوە.

وشە:هێمن ڕەفیق.


وشە - عه‌لی سدیق