فێستیڤاڵێكی كولتووری لە هەولێر ساز دەكرێت

:: AM:09:41:31/03/2017 ‌

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە هەولێر فێستیڤاڵێكی تایبەتی كولتووری و هۆزی ساز دەكرێت تایبەت بە هۆزی پاڵانی و تێیدا چەندین چاڵاكی جۆراوجۆری هونەری و ئەدەبی فۆلكلۆری نمایش دەكرێت.

ئیدریس یاسین پاڵانی ڕێكخەری فێستیڤاڵەكە لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكەم فێستیڤاڵی كولتووری تایبەت بە هۆزەكەمان لە هەولێر ساز دەكەین و تێیدا كار لەسەر بەهێزكردنی پێوەندی لە نێوان هۆزەكان كوردستان دەكەین.

زیاتر گوتی، هەروەها ئامانجمان پتەوكردنی پێوەندی نێوان بنەماڵەكانی هۆزەكەمانە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان و دەرەوەی و روونی كردەوە كە فێستیڤاڵەكە لە چەندین چالاكی جۆراوجۆری وەك پێشكەشكردنی حەیران لەلایەن حەیرانبێژان و خوێندنەوەی شیعر لەلایەن شاعیران و نمایشكردنی شانۆگەری لەلایەن شانۆكاران پێك هاتووە، بۆیە زیاتر چالاكییەكی كولتوورییە و بەهیچ شێوەیەك حزبایەتی تێدا بەكارناهێنرێت و فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ هەینی سعات یەك لە بێستانە لە هەولێر ساز دەكرێت. 

ئێستە ژمارەیەك لە بنەماڵە و ئەندامانی ئەو هۆزە لە گوندی ئینلجاغی سەر بە شارەدێی قوشتەپە نیشتەجێن و خەریكی كاری كشتوكاڵ و مەروماڵات بەخێوكردن و كاری تایبەتین و ژمارەیان زۆرە و جێگەی تایبەتیان نییە و لە ئێران و توركیاش هەن.

هەولێر / شاخەوان شێخانی 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل