حوسێن قائیدى به‌رپرسى یه‌كه‌مى نووسینگه‌ى ڕزگاركردن و هێنانه‌وه‌ى كچانی ئێزیدی ژێرده‌ستى داعش، ئاشكراى ده‌كات كه بۆ ئه‌و كچه ئێزیدییانه‌ى له سووریاوه به رێگه‌ى رۆژئاواى كوردستان ئازادیان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه گیروگرفتیان بۆ دروست ده‌كرێت و په‌كه‌كه‌ش له میدیاكاندا چالاكییه‌كه به هى خۆى داده‌نێت.
نووسینگه‌ى ڕزگاركردن و هێنانه‌وه‌ى كچانى ئێزیدى چۆن كار ده‌كات و تا ئێسته چى كردووه؟
ئێمه وه‌ك نووسینگه‌ى كچه ڕفێنراوه‌كان له دۆخى دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر كچێكى ئێزیدى ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندى به نووسینگه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، ئامانج له دامه‌زراندنى ئه‌و نووسینگه‌یه ئازادكردن و هێنانه‌وه‌ى كچه ئێزیدییه‌كانه، ئه‌و نووسینگه‌یه له ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2014 دامه‌زراوه، له‌و كاته‌وه تا ئێسته دوو هه‌زار و 941 كچى ئێزیدى ڕزگار كراون، له‌وانه هه‌زار و 64 كچ و ژن و 331 كه‌سیان پیاون و ئه‌وانى تریش منداڵن به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه.
له‌كاتى ڕزگاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتییه‌كى ئێزیدى چیى بۆ ده‌كه‌ن؟
له ده‌ستپێكى رزگاركردنى ئێزیدییه‌كان له نووسینگه‌كه‌مان فۆڕمێكى تایبه‌تیان بۆ دروست ده‌كه‌ین و هه‌موو زانیارییه‌ك له‌سه‌ر كه‌سى ئازادكرا‌و تۆمار ده‌كه‌ین و چۆنیه‌تى گیران و چۆنیه‌تیى ئازادكردنى تیایدا تۆمار ده‌كرێت، وه‌ك به‌ڵگه‌ى یه‌كه‌م، دواتر دوو لیژنه‌ى ته‌ندروستیمان هه‌یه یه‌كێكیان ده‌روونییه و ئه‌ویتر پزیشكی گشتی، ڕاسته‌وخۆ ده‌نێردرێن بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینى جۆراوجۆریان بۆ بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌شێكى زۆر بۆ دڵنیابوونه‌وه له ته‌ندروستییان، چونكه ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ژێر ده‌ستى تیرۆرستان بوون.
پشكنینه‌كان چى ده‌رده‌خه‌ن؟
له سه‌رجه‌م پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وتووه ئازارى جه‌سته‌یى دراون و به ڕاپۆرتى پزیشكى سه‌لمێنراوه.
ڕۆڵى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چییه له‌گه‌ڵ ئێوه؟
وه‌زاره‌تى ناوخۆ پاسه‌پۆرت و ناسنامه بۆ ئه‌و ئازادكراوانه ده‌ردێنێته‌وه و تا ئێسته زیاتر له هه‌زار و 500 پاسه‌پۆرتمان بۆ ده‌رهێناوه‌ته‌وه بۆ ئازادكراوان و زیاتر له دوو هه‌زار و 500 ناسنامه‌ش بۆ ئازادكراوان ده‌رهێنراوه.
ئه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ڕۆڵى له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه؟
ئێمه زۆرجار داوامان له وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق كردووه ڕۆڵى هه‌بێت یان یارمه‌تیمان بده‌ن له ئازادكردنى ئه‌و كچ و ژنه ئێزیدییانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌ك وه‌زاره‌تى ناوخۆ، به‌ڵكو حكوومه‌تى عێراقیش هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردووین نه بۆ ڕزگاركردنیان نه بۆ قه‌ربووكردنه‌وه‌یان. له ساڵى 2015 سه‌ردانى سه‌لیم جبووریم كرد بۆ داواكردنى یارمه‌تى بۆ ئێزیدییه‌كان، به‌ڵام تا ئێسته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تى نه‌داوین.
ئه‌ى بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال وه‌ڵامێكتان له حكوومه‌تى عێراقه‌وه هه‌بووه؟
كاتێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق باسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال ده‌كه‌ین، ده‌ڵێن سه‌ر به كوردستانه، به‌ڵام كاتێك باسى شنگال له ڕووی سیاسییه‌وه ده‌كرێت ده‌ڵێن سه‌ربه عێراقه.
ئه‌و وڵاتانه‌ى هاوكارییان كردوون یان ڕێكخراوه‌كان كێن؟
به‌داخه‌وه ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌م، ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان هاوكارى ئێمه‌یان نه‌كردووه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش هاوشێوه‌ى ئه‌وانه و هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردووین، تاكه هاوكارى ئێمه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه.
تا ئێسته چه‌ند هاووڵاتیى ئێزیدی له ده‌ست داعش ماونه‌ته‌وه؟
به‌گوێره‌ى سه‌رژمێریى ئێمه، تا ئێسته زیاتر له سێ هه‌زار و 400 هاووڵاتیى ئێزیدى ماون ڕزگاریان بكه‌ین و هه‌وڵى ئێمه بۆ ڕزگاركردنیان به‌رده‌وامه.
ئایا كڕینه‌وه‌ى كچ و ژنانى ئێزیدى له وڵاتانى تر به پاره ڕاسته؟
ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژیانى مرۆڤ ده‌كه‌ین، بۆیه به‌لاى ئێمه‌وه ڕزگاركردنیان گرنگه نه‌ك پاره. به‌ڵێ ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌ت و چه‌ند پارێزگایه‌ك ده‌كه‌ین.
ئایا په‌كه‌كه هاوكارى نووسینگه‌ى ئێوه‌یان كردووه له رزگاركردنى كچانى ئێزیدیدا؟
هێزه‌كانى په‌كه‌كه چه‌ندان جار ڕێگر بوونه له كاره‌كانمان. له‌ماوه‌ى ڕابردوودا گرووپێك له كچانى ئێزیدیمان له سووریا رزگار كرد و هێنامانه‌وه بۆ رۆژئاواى كوردستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان، چه‌ندان گیروگرفتیان بۆ دروست كردین و به‌رده‌وامیش ئه‌و گرفتانه دروست ده‌كه‌ن، دواین جاریش پێنج هاووڵاتیمان ڕزگار كردبوو، په‌كه‌كه ئه‌و ئازادكراوانه‌یان له‌لاى خۆیان هێشته‌وه بۆ چه‌ند ڕۆژێك، جیا له‌وه‌ی په‌كه‌كه و لقه‌كانی كاره‌كانى ئێمه وه‌ك چالاكى خۆیان له میدیاكاندا نیشان ده‌ده‌ن.
ئایا ئافره‌تانى ئازادكراوى ئێزیدی، دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان رووبه‌ڕووى هیچ گرفتێك له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان بوونه‌ته‌وه؟
له یه‌كه‌مین كچى ئازادكرا‌و تا ئێسته، هیچ كه‌سێك نه‌بووه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزیدى ره‌ت بكرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كى زۆر گه‌رم پێشوازى له ئازادكراوان ده‌كرێت و هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نى ڕۆحانى ئێزیدى فتواى ده‌ركردووه بۆ ئه‌و كچ و ژنانه‌ى ڕزگار ده‌كرێنه‌وه، له‌و رووه‌وه هیچ گرفێتك نییه.