كەركووك لە سێیەمین خولەكی زیادكراودا سێ خاڵی یارییەكەی لە شێروانە وەرگرت

:: PM:07:27:13/04/2017 ‌
لە چوارچێوەی خولی نایابی كوردستان و لە یارییەكی چارەنووسسازدا هەردوو یانەی كەركووك و شێروانە لە یاریگەی كەركووكدا بەیەك گەیشتن و لە سێیەمین خولەكی زیادكراودا سێ خاڵی یارییەكەی لە یانەی شێروانە وەرگرت و كۆی خاڵەكانی گەیاندە حەوت خاڵ.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 13ی نیسان هەردوو یانەی كەركووك و شێروانە لە چوارچێوەی خولی نایابی كوردستان لە یاریگەی یانەی كەركووك بەیەك گەیشتن و یانەی كەركووك لە یانەی میوانی بردەوە و ئاستێكی بەرزتری لە یارییەكانی پێشوو نمایش كرد و توانیی دڵی هاندەرانی ڕەنجاوی یانەكەی ڕازی بكات.
ئاستی گێمی یەكەمی یارییەكە مامناوەند بوو چەند جارێك هێڕشبەرانی هەردوو یانە لە گۆڵی تیپی ڕكابەر نزیك بوونەوە و هەتا لە خوڵەكی 14ی ئەم گێمەدا لە ئەنجامی هەڵەی بەرگریكارانی كەركووك، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ تیپی میوان هەژمار كرد و یاریزان عەلی كاكە مینا گوڵی یەكەمی بۆ یانەی شێروانە تۆماركرد. 
دوای تۆماركردنی ئەو گۆڵە جموجوڵ كەوتە نێو تیپی كەركووك و ڕیزەكانی خۆیان ڕێكخستەوە و بە هێڕشێكی نەخشە بۆ كێشراو، یاریزان ڕامیار ئەحمەد تۆپێكی خێرای ئاراستەی گۆڵی شێروانە كرد و گۆڵی بەرامبەری پێ تۆمار كرد و گێمی یەكەم بە ئەنجامی گۆڵێك بۆ هەردوو لا بە كۆتا هات.
لە گێمی دووەمیشدا ئاستی یاریزانانی كەركووك باشتر دیار بوو و لە گێمەدا شەش جار هێرشبەرانی لە گۆڵی شێروانە نزیك بوونەوە و هەر شەش هەوڵەكە بە بێ ئەنجام بوو. ڕاهێنەری یانەی كەركووك بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێڕشبردن سێ یاریزانی گۆڕی و هەتا دوا خولەكی یارییەكە هەر یەك بە یەك بوون. ناوبژیوان پێنج خولەكی زیاد كرد و لە سێیەمین خولەكی كاتی زیادكراودا یانەی كەركووك گۆڵی دووەمی تۆمار كرد و یارییەكەی لە بەرژەوەندیی خۆی بە كۆتا هێنا و ئەنجامی یارییە بووە دوو گۆڵ بە گۆڵێك بۆ لە بەرژەوەندیی یانەی كەركووك.
بەم ئەنجامەش یانەی كەركووك خاڵەكانی خۆی لە چوار خاڵەوە بۆ حەوت خاڵ بەرزكردەوە و ئومێدێكی تری بە هاندەران بەخشی بۆ ڕكابەری كردن لە بەدەستهێنانی جامی خولەكە و هاندەران بە چەپڵە ڕێزان یانەی شێروانەیان بەڕێخست. 

كەركووك: نەبەز ڕۆستەم 
   


وشە - عه‌لی سدیق