كچانی كەركووك بوونە پاڵەوانی خولی فوتساڵی پەروەردەكانی هەرێم

:: PM:06:59:18/04/2017 ‌

لە چوارچێوەی خولی فوتساڵی كچان بۆ پەروەردەكانی هەرێم، كچانی خوێندنی كوردی سەر بە پەروەردەی كەركووك لە یاریی كۆتاییدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی پەروەردەی هەڵەبجە بوونەوە و یارییەكەیان بە (5- 0) بردەوە و بوونە پاڵەوانی خولەكە.

ئەمڕۆ سێشەم 18ی نیسان مامۆستا تەحسین محەمەد بەرپرسی یەكەی چالاكیی وەرزشیی خوێندنی كوردی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند, ئەمساڵیش بە هەردوو هەڵبژاردەی كوڕان و كچان بەشداریمان لە خولی فوتساڵی هۆڵە داخراوەكان كە لە پارێزگەی دهۆك بەڕێوەچوو كرد و دوای بردنەوەمان لە پەروەردەی خانەقین بە ئەنجامی (12 – 2) و لە پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە (5 – 2) و یەكسان بوونمان لەگەڵ پەروەردەی دهۆك و كۆكردنەوەی (7) خاڵ بووینە یەكەمی كۆمەڵەكەمان و چاوەڕێی یاریی كۆتاییمان كرد.

زیاتر گوتی, لە یاریی كۆتاییدا كە ڕووبەڕووی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید بووینەوە، كچانی هەڵبژاردەكەمان ئەو یارییەشیان بە ئەنجامی (5 – 0) بردەوە و بووینە پاڵەوانی خولەكە و جامەكەمان هێنایەوە كەركووك.

مامۆستا قاسم ئەحمەد ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پەروەردەی كەركووكیش بۆ "وشە" گوتی, ئامادەكارییەكی باشمان بۆ ئەو خولە كردبوو و دڵنیابووین ئەمساڵ دەبینە پاڵەوانی خولەكە و یاریزانانمان هەموو پلانەكانی یاری كردنیان بە ڕێكوپێكی لە هۆڵی یارییەكەدا جێبەجێ كرد و لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا توانییان چوار گۆڵ تۆمار بكەن و ورەی یاریزانانی پەروەردەی هەڵەبجە بە تەواوی بڕوخێنن و لە گێمی دووەمیشدا بە هەمان ئاست یارییان كرد و گۆڵێكی تریان تۆمار كرد و یارییەكەیان لە بەرژەوەندیی پەروەردەی كەركووك بە كۆتا هێنا.

سەبارەت بە ڕێكخستن و ئاستی یاریزانانی بەشدار لە خولەكەش ڕای گەیاند, ئاستی هەڵبژاردە بەشداربووەكانی ئەم خولە لە ئاستی خولەكانی پێشوو بەرزتربوو و هونەری یارییەكەیان بە جوانترین شێوە نمایش كرد و بوونە مایەی ڕەزامەندیی ئامادەبووان و لە ڕووی ڕێكخستن و پێشوازی كردنی میوانەكانیشدا، پەروەردەی دهۆك بە جوانترین شێوە خولەكەی بەڕێوە برد. هەروەها ئاستی ناوبژیوانانیش تا ڕادەیەك باش بوو و كەمترین هەڵەیان كرد.

شایەنی باسە هەڵبژاردەی كوڕانی كەركووك لە هەمان خولدا كە هەفتەیەك پێش ئەم خولە ئەنجام درا، توانییان پلەی دووەمی خولەكە بەدەست بێنن. 

كەركووك – نەبەز ڕۆستەم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل