ئێواره‌ی دوێنی به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزیدییه‌كان، ڕێوڕه‌سمێكی گه‌وره له په‌رستگه‌ی لالش ده‌ستی پێ كرد و ئه‌مه‌ش به گه‌وره‌ترین ڕێوڕه‌سمی جه‌ژنی چوارشه‌مبا سۆر داده‌نرێ، له‌وكاته‌وه‌ی گه‌لی كورد و كوردانی ئێزیدی له ده‌ستی نه‌ینه‌وا تووشی كاره‌سات بوونه‌وه.
كوردانی ئێزیدی به جلی سپی و ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه له په‌رستگه‌ی لالشی ناوچه‌ی شێخان، ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی ئێزیدییان ساز كرد. شێر ئیبراهیم كشتۆ پسپۆڕ له توێژینه‌وه له‌باره‌ی ئێزیدییه‌كان گوتی، هه‌موومان له دنیایه‌كی پڕ له ئازار و نیگه‌رانی و كاره‌سات ده‌ژین، ژیانمان چووه‌ته نێو خێوه‌ت و كه‌مپه‌كان.
ئه‌كره‌م باشۆ ده‌ڵێ، هه‌موو ساڵ له‌و ڕۆژه‌دا سه‌ردانی لالشی پیرۆز ده‌كه‌ین، به‌ڵام ڕێوڕه‌سمه‌كان له ساڵانی پێش ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌رمان هات، گه‌وره‌تر بوو، ئێسته به‌و شێوه‌یه نییه، چونكه خه‌ڵك ئاواره و لێقه‌وماون و له ژیانێكی سه‌ختدان.
ئێزیدی بریتین له كورده ڕه‌سه‌نه‌كان و به‌ر له هاتنی ئیسلام بۆ ناوچه‌كه، ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان پێڕه‌وی ئه‌و ئاینه بوون، ئاینه‌كه تێكست و سرووته پیرۆزه‌كانی هه‌مووی به زمانی كوردییه و یه‌كێكه له ئاینه ڕه‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌كه، تا ئێسته‌ش نزیكه‌ی نیو ملیۆن له هاووڵاتییانی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌سه‌ر ئه‌و ئاینه ماونه‌ته‌وه و له شنگال و شێخان و ده‌وروبه‌ری ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.