MSNی بەرشەلۆنە یان BBCی ریال مەدرید

:: PM:01:17:20/04/2017 ‌

هاندەرانی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە چاوەڕێی یەكشەمی داهاتوو دەكەن بۆ ئەوەی لە یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا براوەی تیپەكانیان ببینن.

یەكشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 33ی خولی ئیسپانیادا هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەردوو یانەكە ماوەی چەند ساڵێكە بە پێكهاتەی 4-3-3 یاریی دەكەن و لە هێڵی هێرشبەر پشت بە هێرشبەرە بەتواناكانیان دەبەستن، هێڵی هێرشبەری یانەی ریال مەدرید كە بە (BBC) پێكهاتوون لە گاریس بێڵ، كەریم بەنزیما و كریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێڵی هێرشبەری بەرشەلۆنەش كە بە (MSN) ناسراوە پێكهاتوون لە لیۆنێل میسی، لویس سوارێز و نیمار دا سیلڤا.

یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دێت، بەڵام هێرشبەرانی یانەكە لە دواوەی هێرشبەرانی یانەی بەرشەلۆنە دێن كە 72 خاڵیان كۆ كردووەتەوە.

واتە (MSN)ی بەرشەلۆنە تا ئێستا لەسەرجەم یارییە كلاسیكۆیەكاندا توانیویانە 32 گۆڵ تۆمار بكەن، میسی بەتەنیا 21 گۆڵی هەیە و سوارێزیش 8 گۆڵ و نیماریش 3 گۆڵ.

لەبەرامبەریشدا (BBC)ی ریال مەدرید 25 گۆڵیان هەیە، رۆناڵدۆ 16 گۆڵ، بەنزیما 8 گۆڵ و بێڵیش تەنیا گۆڵێك.

ئەگەر تەواوی یارییەكانی ئەم وەرزەش هەژمار بكەین، سێ هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا 62 گۆڵیان تۆمار كردووە و سێ هێرشبەرەكەی ریال مەدریدیش 35 گۆڵ، لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكانیش (MSN) 92 گۆڵی تۆمار كردووە و (BBC)یش 55 گۆڵ.

هاندەرانی هەردوو یانەكەش بەتاسەوە چاوەڕێی یەكشەمی داهاتوو و یاریی كلاسیكۆ دەكەن بۆ ئەوەی ئاستی یانەكانیان بەگشتی و هەرسێ هێرشبەرەكانیان بەتایبەتی ببینن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م