كلاسیكۆی ماڵئاوایی.. ئەو یاریزانەی ریزی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە جێدێڵن

:: AM:09:44:23/04/2017 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی كلاسیكۆدا و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداریی یانەكە ركابەرەكەی بەرشەلۆنە دەكات.

ئەو یارییە بۆ هەردوو یانەكە گرینگییەكی گەورەی هەیە و تاڕادەیەكی زۆر پاڵەوانی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا دیاری دەكات، رەنگە ئەم یارییە بۆ هەندێ یاریزان دوایین یاریی كلاسیكۆ بێت بەشداری تێدا بكەن و لێرەشدا بۆ خوێنەرانی (وشە) بەشێك لەو یاریزانانە دەخەینەڕوو.

لە ریزی یانەی ریال مەدرید/

پێشبینی دەكرێ ئەم یارییە دوایین یاریی كلاسیكۆ بێت بۆ كیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی لە یارییەكانی رابردووی یانەكەدا پێشكەشی كردووە، رەنگە یانەی شاهانە بۆ وەرزی داهاتوو دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە.

چاوەڕوان دەكرێ یانەی ریال مەدرید یەكێك لە یاریزانەكانی هێڵی ناوەڕاستی كە ئەوانیش برێتین لە ئیسكۆ و خامیس رۆدریگیز لە هاوینی داهاتوودا بفرۆشێ بەهۆی ناڕەزاییەكانیان سەبارەت بە كەمی بەشدارییەكان لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا.

هەروەها پێشبینیش دەكرێ بۆ كلاسیكۆی داهاتوو هەردوو بەرگریكار فابیۆ كوێنتراوی پورتوگالی و دانێلۆی بەڕازیلی لە ریزی یانەی ریال مەدرید نەمابن، رەنگە كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسیش كۆتای ئەم وەرزە یانەی شاهانە جێبێڵێ بەهۆی پێشبینییەكانی هاتنی رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری یانەی بایرن میونشن و سێرجیۆ ئەگوێڕۆی هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی.

لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە/

ئەوەی جێگەی دڵنیاییە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە لویس ئێنریكی راهێنەر بۆ كلاسیكۆی داهاتوو لە كارەكەی نەماوە دوای ئەوەی ماوەی 3 وەرز ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكەی لە ئەستۆ گرتبوو.

وەك یاریزانیش چاوەڕوان دەكرێ لە هاوینی داهاتوودا یانەی بەرشەلۆنە دەستبەرداری هەردوو بەرگریكارەكەی ماتیۆی فڕەنسی و خافیێر ماسكیڕانۆی ئەرجەنتینی بێت، هەروەها ئەو یاریزانانەی كە پێشبینی دەكرێن ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵن برێتین لە هەرسێ یاریزانی هێڵی ناوەڕاست ئیڤان راكیتیچی كڕواتی، ئەندرێ گۆمێزی پورتوگالی و ئەردا تۆرانی توركی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م