مام جەلال بۆ سەركردایەتی: من ئەخلاق و رەوشتیی بارزانی دەناسم بێئەمەكی لەگەڵ كەسدا ناكەن

:: PM:01:34:20/08/2023 ‌

 

لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، سەرۆك بارزانی چەندان رووداوی گرنگی ساڵانی 2003 تا 2016 دەخاتە ڕوو، سەرۆك بارزانی لە پرسی دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە بەشی هەشتەم ئاماژەی بۆ كردووە، چەند نهێنییەك ئاشكرا دەكات. 

"هاتووم ناگەڕێمەوە تا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم پێ نەدەیت"

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی" دوای بابەتی دژایەتیكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتییەوە، رۆژە 28ی ئایاری 2005 مام جەلال بە تەنیا و بەبێ‌ ئەندامانی سەركردایەتیی حزبەكەی، سەردانی سەڵاحەددینی كرد و  لەسەر داوای خۆی كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی و تایبەتمان كرد، مام جەلال لەوێ‌ قسەی دڵی خۆی بۆ گێڕامەوە كە ناوەڕۆكی قسەكانی لەوەوە دەستی پێ كرد (هاتووم ناگەڕێمەوە تا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم پێ نەدەیت. سوێندی خوارد ئەگەر بە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رازی نەبم، ئەویش ناچێتە بەغدا و واز لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دەهێنێت)"

"پشتگیریتان دەكەم، جگە لە دژایەتیكردنی پارتی و تێكدانی نێوان من و مەسعوود بارزانی"

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مام جەلال چەند خاڵێكی تری باس كردووە كە یەكەمجارە باسی دەكرێت و گوتوویەتی، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی تووشی هیستریا بوون، پێم گوتوون هەرچی لە دەستتان هات دژی من و هێرۆخان و منداڵەكان كردتان، تەنانەت ئەوەی لە دەستتان هاتووە دژی ئیبراهیم ئەحمەد لەناو گۆڕیشدا درێخیتان نەكردووە، ئێستەیش لە هەموو بابەت و پرسەكاندا پشتگیریتان دەكەم، جگە لە دژایەتیكردنی پارتی و تێكدانی نێوان من و مەسعوود بارزانی.

بە گوێرەی كتێبەكە، مام جەلال لەو كۆبوونەوەیەدا بە سەرۆك بارزانی گوتووە، ئیستقالەی وازهێنانم نووسیوە، دانەیەك لای كامەران قەرەداغییە و دانەیەكی تریش لای كۆسرەت رەسووڵە، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پرسیاریان كرد چ گرەنتییەك هەیە لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا، مەسعوود بارزانی نەبێتە دژی یەكێتی، منیش پێم گوتن من گرەنتی دەدەم، من ئەخلاق و رەوشتیان دەناسم دەزانم بێئەمەكی لەگەڵ كەسدا ناكەن. نەوشیروان مستەفا تووشی شكست بووە و هەوڵ دەدات بەناوی بەرگری لە یەكێتی، هەموو شتەكان تێك بدات.

"تەنیا نەوشیروان مستەفا و حەمەتۆفیق رەحیم بە تەواوی دژن"

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی "مام جەلال گوتی، ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی بە تەواوی لەگەڵ مندان، كۆسرەت رەسووڵ، عومەر فەتاح، ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد و عەدنان موفتی، جەلال جەوهەر و د.فوئاد و د.بەرهەم و عادل موراد، تەنیا نەوشیروان مستەفا و حەمەتۆفیق رەحیم بە تەواوی دژن و عوسمان حاجی مەحموود ڕاڕایە و مستەفا سەید قادریش سەردانی كردم و بەڵێنی دا هەرچی بڵێم رازی بێت، نەوشیروان مستەفا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكاتەوە كە گوایە ژمارەیەکی یەكجار زۆر لە جامانە سوورەكان دێنە ناو سلێمانی و داگیری دەكەن".

"مام جەلال لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاری كرد من سەرپەرشی هەردوو ئیدارە بكەم و گوتی جگە لەوەی كوڕی مەلا مستەفای گەورەی بارزانییەكانی و سەلماندووشتە كە پیاوی رۆژانی تەنگانەی، ئەوەیشی گوت كە پێی خۆشە رێوشوێنی پێویست بگرمە بەر بۆ ئەوەی پێكەوە سەردانی مەزاری بارزانی نەمر و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بكەین" سەرۆك وای نووسیوە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، وەڵامی قسەكانی مام جەلالم دایەوە و گرنگی یەكڕیزی و تەبایی ناو ریزەکانی گەلی كوردم دووپات كردەوە و پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرم یان وەرنەگرن، پشتگیری و هاوكاری و یارمەتییەكانم بۆ مام جەلال بەردەوام دەبێت و تەنانەت زیاتریش دەبێت. لەو كۆبوونەوەیەدا بۆم دەركەوت مام جەلال هەموو بابەت و پرسەكانی یەكلا كردووەتەوە. 



 



وشە - وشه‌