رووداوێكی خۆشی سەرۆك بارزانی و كەمال شاكر لەناو كۆپتەرێكی ئەمەریكیی

:: AM:11:48:21/08/2023 ‌
لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، سەرۆك بارزانی رووداوەكانی ساڵی 2003 تا 2016 دەخاتە ڕوو، جگە لە كۆمەڵێك پرسی سیاسیی گرنگ، هاوكات لەناو نووسینەكانیدا چەندان بەسەرهاتی خۆشی تێدا خستووەتە ڕوو.

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە 224ی كتێبەكەدا باسی سەردانێكی بۆ بەغدا دەكات كە لەو كاتەدا گفتوگۆی نووسینی دەستووری عێراق گەرم بووە، سەردانەكە لە هەشتی تشرینی یەكەمی 2005 دا ئەنجام دراوە، و نووسیویەتی" ئێوارەی رۆژی 12ی تشرینی یەكەم ئاهەنگێك لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز كرا، بە بۆنەی راگەیاندنی هەمواركردنەوەكانەوە، هەر هەمان شەویش بە كۆپتەری ئەمەریكی گەڕاینەوە كوردستان.

" لەشەوی گەڕانەوەمان بۆ كوردستان بە هەلیكۆپتەرێكی ئەمەریكی، كەمال شاكر سكرتێری حزبی شیوعیشمان لەگەڵ بوو، دیاربوو قاتێكی كەشخە و تازەیشی لەبەر كردبوو، لە شانسی خراپی ئەودا،  لە كونێكی سەقفی هەلیكۆپتەرەكە و لەو شوێنەی ئەو دانیشتبوو، رۆن و گازوایل رژایە سەر جلوبەرگەكانی، ئەفسەرە ئەمەریكییەكانیش دڵنیایان كردینەوە گوتیان هیچ نییە و شتێكی ئاساییە" سەرۆك بارزانی وای نووسیوە.

هەروەها دەڵێ‌، بەهۆی دەنگی كۆپتەرەكەوە كەسمان دەنگی یەكترمان نەدەبیست، بۆیە لەسەر كاغەزێك بۆ كەمال شاكرم نووسی، دیارە هەلیكۆپتەرەكە ئەمەریكییەكە زانیویەتی تۆ شیوعی و كەسی شیوعی قبووڵ ناكات، ئەگینا بۆچی گازوایلەكە تەنیا بەسەر تۆدا رژا".
 



وشە - وشه‌