سەرۆكی وڵاتێك سەرۆك بارزانی لە فڕۆكەخانەوە بۆ خوانی نیوەڕۆ راگرت

:: AM:11:22:23/08/2023 ‌
لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، سەرۆك بارزانی چەندان رووداوی گرنگی ساڵانی 2003 تا 2016 دەخاتە ڕوو، سەرۆك بارزانی باس لە سەردانی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپی دەكات.

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی "لە هەفتەی كۆتایی مانگی ئایاری 2014دا، لەسەر بانگێشتی فەرمی سەردانی فڕەنسا و ئیتاڵیا و نەمسامان كرد، رۆژی 23ی ئایاری 2014 لە كۆشكی ئەلیزە سەرۆك فرانسۆا هۆڵاند بە گەرمی پێشوازیی لێ‌ كردین، لە دیدارێكدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و عێراق و پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا، هەروەها بە تێروتەسەلی باسی پێشێلكارییەكانی بەغدا بەرانبەر كوردستان كرا، مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و وڵاتانی ناوچەكە شی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لێكتێگەیشتنی زۆرباش هەبوو".

سەرۆك نووسیویەتی، رۆژی 29ی ئایاری 2014 بە سەردانێكی فەرمی گەیشتینە رۆما، لە چوارچێوەی سەردانمان بۆ ئیتاڵیا لەگەڵ فیدیریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبووینەوە و باس لە پێوەندییەكان كرا، لە چوارچێوەی سەردانەكەدا بۆ ئیتاڵیا سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەمان كرد و سیمینارێك لەوێ‌ هەبوو كە لە پەرلەمانی ئیتاڵیا زۆر بە راشكاوانە باس لە سەربەخۆیی كوردستان كرا. 

"رۆژی 30ی ئایاری 2014 بەمەبەستی دیدار لەگەڵ پاپا سەردانی ڤاتیكانمان كرد، لە كۆبوونەوەكەدا پاپا زۆر بە بایەخ و گرنگییەوە باسی دۆخی ناوچەكەی كرد هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد، بۆ لەباوەشگرتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە.

پاپا گوتی، بە وردی ئاگەداری ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردستانم، لەوكاتەی كە هێشتا لە ئەرجەنتین بووم كوردم ناسیوە و بەدواداچوونم بۆ دۆز و نەهامەتییەكانی گەلی كورد دەكرد. پاپا لەو دیدارەدا سۆز و خۆشەویستییەكی زۆری نیشاندا و یەكەم جاریشم بوو پاپا ببینم" سەرۆك وای نووسیوە. 

هەروەها لە كۆتایی ئەو بەشەدا باسی لەوە كردووە، بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ كوردستان رۆژی سێی حوزەیران گەڕامەوە نەمسا، لە فڕۆكەخانە بەرێكەوت سەرۆكی نەمسا د.هانس فیشرم بینی كە بەنیازبوو سەردانی پۆڵۆنیا بكات، داوای كرد ئەگەر دەرفەت هەبێت تا پێنجی حوزەیران بمێنمەوە بۆ ئەوەی بۆ خوانی نیوەڕۆ میوان بین، منیش لەبەر خاتری ئەو وەك رێزێك، سەردانەكەم دواخست. 



وشە - وشه‌