به‌بۆنه‌ى 119 ساڵوه‌گه‌ڕی ڕۆژنامه‌گه‌رى كوردى و ڕۆژی جیهانى كتێبه‌وه، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ رێوڕه‌سمێكدا له كتێبخانه‌ى هه‌ژار موكریانى له هه‌ڵه‌بجه، خه‌ڵاتى ده‌زگه‌كانى راگه‌یاند و چه‌ند خوێنه‌رێكى هه‌میشه‌یی ئه‌و كتێبخانه كرا و دامه‌زراوه‌ی میدیایی"وشه"ش یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى ڕێزى لێ گیرا.
له‌باره‌ى ڕێزگرتن له ده‌زگه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه، سوندس حوسێن لێپرسراوى ئه‌نجوومه‌نى ئافره‌تانى هه‌ڵه‌بجه‌ى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، وه‌ك هه‌ستكردن به ئه‌رك و ماندووبوونى ڕاگه‌یاندنه كوردییه‌كان به پێویستمان زانى له 119 ساڵوه‌گه‌ڕی ڕۆژنامه‌گه‌رى كوردیدا خه‌ڵاتى ڕێزلێنان ببه‌خشینه سه‌رجه‌م ڕاگه‌یاندنه‌كانى شارى هه‌ڵه‌بجه كه 31 ده‌زگه‌ى ڕاگه‌یاندنن و خه‌ڵاتى ڕێزلێنانه‌كه به هاوكارى ده‌سته‌ى جه‌ماوه‌رى و پیشه‌ییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى سلێمانى هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى دیوكراتى كوردستان ئه‌نحام دراوه.
زیاتر گوتی، وه‌ك ڕێزێك له به‌رامبه‌ر ماندووبونیان و هاندانێك بۆیان ڕ‌ێزلێنانى تایبه‌تیمان به شه‌ش ڕۆژنامه‌نووسی ئافره‌ت به‌خشی كه خزمه‌تێكى به‌رچاویان له هه‌ڵه‌بجه كردووه، هه‌روه‌ها ویستمان به‌بێ جیاوازى له به‌رامبه‌ر كارى پیشه‌یى ڕاستگۆیانه‌ى ڕاگه‌یاندنه‌كان و هه‌م وه‌ك هاندانێك له به‌رده‌وامبوونیان له پیشه‌كه‌یان ڕێزمان لێگرتن.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن كتێبخانه‌ى هه‌ژار موكریانییه‌وه ڕێز له چه‌ند چوار خوێنه‌رى به‌رده‌وامى كتێبخانه‌كه گیرا، كه دوانیان به‌ته‌مه‌نترین خوێنه‌رى كتێبخانه‌كه‌ن و دووانیان بچووكترین خوێنه‌رى ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ن.
هه‌ڵه‌بجه/ شه‌فیق بانی شاری