دی خیا لە یانەی ریال مەدرید نزیك بووەتەوە

:: AM:10:29:25/04/2017 ‌

رۆژنامە ئینگلیزییەكان ئاشكرایان كرد كە دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتد بەتەواوی لە چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید نزیك بووەتەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی بڕیاریداوە خانووەكەی لە ئینگلتەڕا بخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: دی خیا لەسەر ماڵپەڕێكی فرۆشتنی خانووبەرەدا خانووەكەی لە شاری مانچستەر خستووەتە بازاڕەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە دی خیا هاوینی داهاتوو ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێدێڵێ و روو لە یانەی ریال مەدرید و خولی ئیسپانیا دەكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید لە ئاستی كیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی لە وەرزی ئەمساڵدا رازی نییە و دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو گۆڵپارێزێكی بە ئەزموون و نموونەیی بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە، بۆ ئەمەش دی خیای كردووەتە پاڵێوراوی یەكەمی.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2015 گرێبەستی لەگەڵ دی خیا ئیمزا كردبوو، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی ناردنی پەڕاوەی گواستنەوەكە بۆ یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا گرێبەستەكە هەڵوەشایەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م