رامۆس لە كلاسیكۆ و خولی ئیسپانیا لە خراپترینەكانە

:: PM:12:08:25/04/2017 ‌

سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری و كاپتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەیەكێك لەو یاریزانانە دادەنرێت مێژوویەكی خراپی لە یارییەكانی كلاسیكۆ و خولی ئیسپانیادا هەیە.

پێرێ یەكشەم یانەی ریال مەدرید لە یاریی كلاسیكۆ و گەڕی 33ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕا.

رامۆس لەو یارییەدا لە خولەكی 77ی گێمی دووەم بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە، لەلایەن هێرناندیز هێرناندیزی ناوبژیوانەوە بەكارتی سوور كرایەوە دەرەوە.

ئێستا رامۆس بەیەكەم یاریزان دادەنرێت زۆرترین كارتی سووری لە یارییەكانی كلاسیكۆدا وەرگرتووە كە 5 كارتی سوور بووە و هیچ یاریزانێكی تری هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید پێشتر ئەم رێژە كارەتە سوورەیان لە یارییەكانی كلاسیكۆدا وەرنەگرتووە.

رامۆس هەروەها ئەمە 17مین كارتی سوورە بە گشتی لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا وەری دەگرێت، ئەمەش خراپترین ئاستە لە مێژووی خولەكەدا تۆمار كرابێت و لە مێژووی خولەكەشدا تەنیا 2 یاریزانی تر هەمان رێژە كارتی سووریان وەرگرتووە ئەوانیش برێتین لە چاڤی ئەگوادۆ و پابلۆ ئەلڤارۆن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م