بەفەرمی رامۆس سزا درا

:: AM:09:56:26/04/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی سزای راگرتنی یەك یاریی بەسەر سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدرید سەپاند بەهۆی وەرگرتنی كارتە سوورەكەی لە یاریی كلاسیكۆدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە.

لەو یارییەدا كە یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ دۆڕا، لە خولەكی 77ی گێمی دووەمدا بەهۆی بەركارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر لیۆنێل میسی، بەكارتی سوور كرایەوە دەرەوە.

لە كاتی هاتنە دەرەوەدا رامۆس سووكایەتی بە ناوبژیوان و گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە كردبوو، هەر لەبەر ئەمە چاوەڕون دەكرا سزایەكی قورسی بەسەردا بسەپێنرێ.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان بەتایبەتیش رۆژنامەكانی كەتەلۆنیا پێیانوابوو یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سزایەكی قورس بەسەر رامۆس دەسەپێنێ و بەلایەنی كەم لە 3 یاریی داهاتووی ریال مەدرید دووری دەخاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێرناندیز هێرناندیزی ناوبژیوانییارییەكەی كلاسیكۆ لە راپۆرتەكەیدا باسی رووداوەكەی نەكردبوو، تەنیا بە یەك یاریی سزای راگرتنی بەسەر سەپێنرا.

بەمەش رامۆس بەشداریی لە یارییەكەی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا ناكات كە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم لە گەڕی 34ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ریازۆر بێتە ئەنجامدان.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید ئێستا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ ریزبەندی پێشەوەی یانەكانی خولی ئیسپانیایان گرتووە، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی دووەمە و جگە لەوەش یارییەكی دواخراوی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م