راهێنەرێكی پێشووی ریال مەدرید نهێنییەك لەسەر كلاسیكۆ ئاشكرا دەكات

:: AM:11:20:26/04/2017 ‌

راهێنەرێكی پێشووی یانەی ریال مەدرید نهێنییەكی گەورەی یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد.

فابیۆ كاپێلۆی راهێنەری ئیتاڵی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بە ئەنقەست لە هەموو یارییەكی كلاسیكۆدا هەوڵ دەدەن ئازاری لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە بدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە یاریی كلاسیكۆی یەكشەمی رابردوودا سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدرید بەتوندی ئازاری میسی دابوو و بەو هۆیەشەوە بە كارتی سوور دەكرابوو، هەروەها لە چەند دیمەنێكی تریشدا كاسمێڕۆ و مارسێلۆی بەڕازیلی و بەشێكی زۆری یاریزانانی یانەكە دەردەكەون ئازاری میسی دەدەن.

لەمبارەیەوە كاپێلۆ گوتی: لە هەموو یارییەكی كلاسیكۆدا یاریزانانی یانەی ریال مەدرید هەوڵ دەدەن میسی تووشی ئەنگاوتن بكەن، یەكشەمی رابردووش رامۆس هەمان كاری كردبوو و بۆیە شایستەی كارتی سوور بوو.

زیاتر گوتی: رۆناڵدۆ یاریزانێكی ئەستێرە و گۆڵكارێكی بەتوانایە، بەڵام زیرەكی میسی وا دەكات هەمیشە و لە هەر كاتێكدا سەركەوتن پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە بكات، لە یاریی كلاسیكۆی ئەمجارەشدا ئەوەی لە میسیدا بینیم، لە مێژووی تۆپی پێدا نەمبینیوە.

لەبارەی هەلی هەردوو یانەكە بۆ بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا، ئەو راهێنەرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید گوتی: یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لەرووی توانای جەستەییەوە زۆر باشن و لە پێشەوەی یانەی بەرشەلۆنەن، جگە لەوەش یارییەكی دواخراویان ماوە، بەڵام یانەی ریال مەدرید یاریی زیاتر و بەهێزتری لەبەردەمدا ماوە بەتایبەتیش لە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م