بەرشەلۆنە لەیەكەم گرێبەستی یاریزانان نزیك بووەتەوە

:: AM:10:41:29/04/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەتەواوی لە تەواوكردنی كارەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ تیۆ هێرناندیزی بەرگریكاری لاوی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید نزیك بووەتەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە ئەو بڕە پارەیە بدات كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لەو بەرگریكارە تەمەن 19 ساڵییە داوای دەكات كە 24 ملیۆن یۆرۆیە.

هێرناندیز لە وەرزی ئەمساڵدا بەشێوەی خواستن بۆ یانەی ئەلاڤێس لە خولی ئیسپانیا یاریی دەكات و تا ئێستاش ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ ئەو یانەیە پێشكەش كردووە، ئەمە وای كردووە زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا چاوی تێببڕین لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە توانیویەتی هێرناندیز رازی بكات واز لە بیرۆكەی چوونی بۆ ریزی یانەی ریال مەدرید بێنێ و چاوەڕوانیش دەكرێ چەند رۆژێكی تر یانەكە بەفەرمی رێككەوتن لەگەڵ ئەو بەرگریكارەی لای چەپ رابگەیەنێ.

پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاو كرابووەوە كە یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە هێرناندیز لەگەڵ جۆردی ئەلبا بەرگریكاری تیپەكەی بگۆڕێَتەوە، بەڵام رۆژنامەی سپۆڕت ئەو هەواڵەی لەسەر زاری بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە رەت كردەوە و جەختیشی كردەوە كە یانەكە بەهیچ شێوەیەك ئەلبا نافرۆشێ كە ئێستا بەیەكێك لە باشترین بەرگریكارەكانی جیهان دادەنرێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م