سەرۆك بارزانی: ناكرێت سازش لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان بكرێت

:: AM:11:17:28/02/2024 ‌
سەرۆك بارزانی، لە میانی چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رادیۆی (مۆنت كارلۆ)، باسی دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، چارەنووسی عێراق و زۆر پرسی تر دەكات.

مۆنت كارلۆ: با بەوە دەست پێ بكەین، پاش ساڵ و نیوێك لە پێكهێنانی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی كە ئێوەش تێیدا بەشدارن، چۆن ئەو حكوومەتە هەڵدەسەنگێنن و ڕۆڵتان تێیدا چییە؟

سەرۆك بارزانی: ئێمە كاتێك بەشداریمان لە حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانیدا كرد، لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێكی سیاسیدا بوو، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە دامەزرا. ئێمە تێبینی دەكەین كە سوودانی دەیەوێ ئەو رێككەوتنە سیاسییە جێبەجێ بكات كە لەنێوان لایەنەكان كراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبینین كە ئاستەنگی راستەقینەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئێمە پشتیوانیمان كرد و پشتیوانیشی دەكەین، لەپێناو ئەوەی بتوانێت ئەوەی لەسەری ڕێككەوتووین، جێبەجێ بكات و وەدی بهێنێت. بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕاستەقینە دەبێتەوە.

مۆنت كارلۆ: ئەو ئاستەنگانە چ جۆرێكن؟

سەرۆك بارزانی: ئاستەنگەكان بریتین لە ڕێگە لێگرتنی لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیەی كە لە نێوان لایەنەكاندا كرا.

مۆنت كارلۆ: لایەنێكی دیاریكراو هەیە كە ڕێگەی لێ بگرێت؟ هیچ لایەنێك تۆمەتبار دەكەن؟

سەرۆك بارزانی: نامەوێ لایەنێك بە دیاریكراوی تۆمەتبار بكەم، بەڵام هەندێك لایەن دەیانەوێ ئاستەنگ بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی دروست بكەن، ئەمە زۆر ڕوونە.

مۆنت كارلۆ: ئایا ئێوە ئاسوودەن بە كاركردن لەم حكوومەتە؟ هاوپەیمانە بنەڕەتییەكانتان هەندێكیان وازیان هێنا، هەروەك سەدرییەكان، هەروەها بەشێكیشیان پەراوێزخران وەك حەلبووسی، ئایا ئێوە ئاسوودەن یان نیگەرانن؟

سەرۆك بارزانی: بە ڕاشكاوی ئێمە نیگەرانین، نیگەرانین لە دۆخەكە، دیموكراسیەت لە عێراقدا لەژێر هەڕەشەیەكی راستەقینەدایە.

مۆنت كارلۆ: هەڕەشەكە لە ناوخۆی عێراقەوەیە یان لە دەرەوە؟

سەرۆك بارزانی: لە دەرەوە و لە ناوەوەیە.

مۆنت كارلۆ: زۆر لە راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باس لەو ئاستەنگانە دەكات كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بە تایبەتیش لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان هەولێر و سلێمانی و پەیوەندیی نێوان هەردوو پارتی كێبڕكێكار لە هەرێمی كوردستان، جاران وێڕای هەموو ناكۆكییەكان، ئێوە پێكەوە دەچوونە بەغدا، بەڵام ئێستا بە جیا دەچنە بەغدا، چۆن دەتوانین ئەم حاڵەتی لێكترازانە ڕوون بكەینەوە كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت؟

سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئەمە بارودۆخێكی جێی داخە، بەڵام بە راشكاوی دەڵێین ناكۆكی لەسەر بابەتە ستراتیژی و ئامانجە ستراتیژییەكانە، ئەگەر لەسەر بابەتە تاكتیكییەكان بوایە، زۆر ئاسان بوو. وێڕای ئەوەش هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم كێشەیە و یەكخستنی نێوماڵی كوردی وەك ئەوەی هەبوو.

مۆنت كارلۆ: دیارترین ئەو بابەتانە چین كە كێشەن لەبەردەم یەكڕیزیی نێوماڵی كوردی؟

سەرۆك بارزانی: بۆ نموونە ناكرێت سازش لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ناكرێ هاریكاری لەگەڵ ئەوەدا بكرێت كە دەیەوێ هەرێمی كوردستان لێكهەڵبوەشێنێتەوە، ناكرێ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوە بكرێ كە دەیەوێ هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ بهێنێت، ئەمانە بابەتە ستراتیژییەكانن.

مۆنت كارلۆ: پێتوایە كە كەسانێك هەبن بە كردەیی ئەم هەوڵانە بدەن؟

سەرۆك بارزانی: بەڵێ زۆر بە ڕوونی دیارە.

مۆنت كارلۆ: با راشكاوتر بین، جەنابتان لە كوردستانی ئێران لەدایكبوون، پێوەندیتان پێشتر تاڕادەیەك باش بوو لەگەڵ ئێران، بەڵام لەم دواییە دەبینین پاشەكشەیەكی گەورە لە پەیوەندییەكانتان هەیە، بە تایبەتیش بەهۆی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەك كەس، ئێران تۆمەتبارتان دەكات بەوەی بوونەتە پەناگەی نەیارانی، چۆن وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەدەنەوە؟

سەرۆك بارزانی: ئەو تۆمەتانە پووچەڵن، ئێران پێش خەڵكی تر دەزانێت ئەو تۆمەتانە پووچەڵن. بەڵێ من لە مەهاباد لە دایكبووم، هیچ ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانویستووە پەیوەندییەكی گرژمان لەگەڵ ئێران هەبێت، ڕێگەش نادەین هەرێمی كوردستان ببێتە شوێنی هەڕەشەكردن لە ئێران. لە ساڵی 2020ەوە تا ئەمڕۆ، هەولێر وەك شار و وەك پارێزگا ڕووبەڕووی 134 هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بالیستی بۆتەوە، لە لایەن ئێرانەوە یان لە لایەن ئەوانەی سەر بە ئێرانن. بەردەوام بەوە پاساو بۆ ئەو تاوانانە دەهێننەوە كە بنكەی هەواڵگریی نێودەوڵەتی هەیە و بە دیاریكراویش مۆساد دیاری دەكەن، یان ئۆپۆزسیۆنی كوردی كە لە هەرێمی كوردستانن. من دڵنیام ئەگەر بارەگای مۆساد لە هەرێمی كوردستان هەبوایە، بوێریی ئەوەیان نەدەبوو لێی بدەن.

ئەوان نەیانتوانیوە وەڵامی بەهێزەكان بدەنەوە، بۆ پاساوی شكستی خۆیان لە ناوخۆ، هەولێر بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەخۆ دەگرێت یان شتی دیكە. لێدانی خێزانێكی بێتاوانی ئاشتیخواز و كوشتنی كچێكی 11 مانگان، ئەمە تاوانە. پێدادەگرن لەسەر ئەوەی ئەوان لە بارەگای مۆسادیان داوە و ئەفسەرێكیان كوشتووە، بۆیە ئەمانە تۆمەتی پووچەڵ و بێ بنەمان. ئەگەر بابەتەكە لەسەر بوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە، ئەوا ئۆپۆزسیۆنی ئێران ماوەی پەنجا ساڵە لێرەن. لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێكی سێ لایەنە لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئێران، هەروەها بەهۆی بەدەنگەوەهاتنی ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێرانی، سەرجەم هێزەكان لە ناوچە سنوورییەكان كشێندرانەوە و گەڕانەوە ناوچەكانی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری هەولێر. ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێككەوتن كراوە. بۆیە تۆمەتەكانی ئێران لە راستیدا تۆمەتی پووچەڵن، ئێمە هیچ ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانویستووە كە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران بشڵەژێت. منیش بە لامەوە سەیرە كە بۆچی ئێران ئەم نەهجەی گرتۆتە بەر؟

مۆنت كارلۆ: ئایا حكوومەتی فیدڕاڵی بەوە هەڵسا كە پێویست بوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی لە هەولێر ڕووی دا؟

سەرۆك بارزانی: جووڵەیەكی كرد، بەڵام لە راستیدا ئەنجامی جووڵانەوەكە لە ئاستی ئەو تاوانە نەبوو كە ئەنجام درا.

مۆنت كارلۆ: هەموو مشتومڕی ئێستای عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بە راشكاویش بڵێم كشانەوەی ئەمریكییەكان، ئایا ئەمە كورد دەخاتە دوودڵییەوە؟

سەرۆك بارزانی: رەنگە ئەمە هەمان ئەو سیناریۆیە بێت كە دووبارە دەبێتەوە كە لە ساڵی 2011 ڕووی دا، كاتێك هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵیدا كشانەوە، پاش ماوەیەك بینیمان داعش نزیكەی سێیەكی عێراقی داگیر كرد و هاتنە نێو عێراق و خەریكبوو هەموو عێراق بگرن، ئەگەر پاڵپشتیی هاوپەیمانان نەبوایە، دۆخەكە جیاوازتر دەبوو. رێككەوتنێك هەبوو لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و ئەمریكا و هاوپەیمانان، ئەو ڕێككەوتنە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕی، رەنگە ئەو ڕێككەوتنە پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێت، بەڵام ئەمە لە تایبەتمەندیی حكوومەتی فیدڕاڵی و دەزگا تایبەتمەندەكانە، لە تایبەتمەندیی گرووپە چەكدارەكان نییە كە ئەوان بڕیار بدەن، ئەمە بابەتێكی چارەنووسسازە و پەیوەندیی بە هەموو عێراقییەكانەوە هەیە و هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە تاكلایەنە بڕیار لەم بابەتە بدات.

مۆنت كارلۆ: لە ئاستی ناوخۆییدا بارگرانیی ئابووری هەیە، بەهۆی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش لەگەڵ وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، چۆن سەیری بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی دەكەن لەبارەی مووچە و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان؟

سەرۆك بارزانی: بەداخێكی زۆرەوە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی هەمووی لە دژی هەرێمی كوردستانە، بە تەواوی لایەنگرە و دژی هەرێمی كوردستانە، بۆ زانیاریت ئەو دادگایە دادگایەكی دەستووریی نییە، بەڵكوو لە سەردەمی برێمەر پێكهێندراوە، ئێستا بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەڵدەستێت. پێموایە دادگای فیدڕاڵی زیادەڕۆیی لە دەسەڵات و ئەركە بنەڕەتییەكانیدا كردووە. بڕیارەكانی بە ئینساف و دادپەروەرانە نییە و بە تەواوی لە دژی هەرێمی كوردستانە.

مۆنت كارلۆ: ئایا نەوەی سێیەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی هەیە كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان روودەدات؟

سەرۆك بارزانی: پرسیارێكی جوانە، من هەمان ترسم هەبوو، بەڵام لە شەڕی دژ بە داعش، بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگ ناڵاندمان، بەڵام دواتر نەوەیەكی نوێی بەهێزتر و خاوەن ئەزموونتر و بە ئیرادەتر دەرچوو. راستە ئێستا نەوەیەكی نوێ هەیە، ناتوانین بڵێین كە كاریگەر نییە بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئەو پێشكەوتنەی لە دونیا ڕووی دا، بەڵام ئێستا نەوەیەك هەیە كە ئامادەیە بە چەك و ئامادەشە بە فكر و ئیرادە. بۆیە من بە راشكاوانە دەڵێم ناترسین و سەدان هەزار گەنجمان هەیە كە ڕەنگە ئەوە زۆر تێپەڕێنن كە نەوەی یەكەم و دووەمی كوردستان پێی گەیشتوون.

مۆنت كارلۆ: پێنج ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمە مێژووییەكەدا تێپەڕ دەبێت، كە ئەنجامتان دا لەبارەی مافی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، ئەوەی بە كردەیی رووی دا پەیوەندییەكە لەگەڵ ناوەند هەندێك تێكچوو، ئایا فیدڕاڵی بە بیرۆكەیەكی كرداری بۆ ئەم ناوچەیە دەزانیت؟

سەرۆك بارزانی: پاش ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا فیدڕاڵیەت بكرێتە بنەمای پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، منیش ماوەیەكی درێژ لە بەغدا بووم پاش ڕووخانی ڕژێم، لە میانی داڕشتنەوەی دەستوور بە رژدی و دڵسۆزی كارمان كرد بۆ ئەوەی عێراقێكی دیموكراسی فرەیی فیدڕاڵی بونیاد بنێین. پاش ماوەیەك تێبینیمان كرد كە كەسانێك هەن لە راستیدا باوەڕیان بە فیدڕاڵیەت نییە، تەنانەت پاشەكشەیان لە دەستووریش كرد، لە كاتێكدا لە دیباجەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی یەكێتیی عێراق دەكات. دەستوور پێشێل كرا، ئەگەر فیدڕاڵیەت كرداری بوایە و پابەند بوونایە پێی و بە دەستوور، ئێمە بۆ ڕیفراندۆم هەنگاومان نەدەنا.

لەبەر ئەوە جارێكی دیكە دەڵێم دیموكراسیەت هەمووی لە عێراق لەژێر هەڕەشەدایە، فیدڕاڵیەت لەژێر هەڕەشەدایە. لە سایەی ئەم سیستەمانەی لە ناوچەكەدان، راستییەكەی پێدەچێت نە فیدڕاڵیەت و نە غەیری فیدڕاڵیەتیش سوودی هەبێت.

مۆنت كارلۆ: چۆن سەیری ئاییندەی عێراق دەكەیت؟

سەرۆك بارزانی: یان عێراق ئەوە دەكات كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و بۆ دیموكراسیەت دەگەڕێتەوە و بۆ بنەما سەرەكییەكان دەگەڕێتەوە كە (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی)یە، ئەوكات رەنگە عێراق لەو قەیرانە ڕزگار بكرێت كە تێیدا دەژی، بەڵام تاكڕەویكردن لە دەسەڵات و دەست بەسەرداگرتنی هەموو شتێك لەلایەن گرووپێكی دیاریكراو و قەوارەیەكی دیاریكراو و پێكهاتەیەكی دیاریكراو، لە راستیدا عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات. گەڕانەوە بۆ دیموكراسیەت و دەستوور و بۆ بنەما سەرەكییەكان (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی).

مۆنت كارلۆ: جەنابی سەرۆك ئێوە دەتانگوت دۆستی كورد چیایە، ئەمڕۆ كێ دۆستی كوردە؟

سەرۆك بارزانی: چیا لەگەڵ دۆستی زۆر لە دونیا.

مۆنت كارلۆ: كێن ئەوان؟

سەرۆك بارزانی: ئەوان زۆرن.

مۆنت كارلۆ: پەیوەندیتان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؟

سەرۆك بارزانی: بۆ نموونە لە وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ گەلانی وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ ڕۆژئاوا، ئەمریكا، لەگەڵ هەموو دونیا، لەگەڵ ڕۆژهەڵات. سوپاس بۆ خوا ئێستا دۆستمان لە هەموو شوێنێك هەیە.

مۆنت كارلۆ: ئێستاش وەك پێشوو پشتیوانانی دۆزی كورد هەن؟

سەرۆك بارزانی: تێگەیشتن و پشتیوانی هەیە، بەڵام لە راستیدا لە ئاستی داواكراو نییە، هەندێكجار ڕووداوێك دێتە پێشەوە و هەموو بابەتەكانی دیكە دادەپۆشێت، بۆ نموونە شەڕی ئۆكرانیا، شەڕی غەززە، بۆیە هەندێكجار بایەخدانەكان دەگۆڕێن و دەگوازرێنەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە.



وشە - رامیار جەواد