سێ موزیكوانی كه‌ركووكی بۆ گوڵڕه‌نگكردنی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كوردی مه‌زهه‌ری خالقی، وه‌ك رێزێك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده و هاوكات ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كاره هونه‌رییه‌كانی خۆیان، پارچه موزیكێك به ناوی "شنه‌یه‌ك بۆ ره‌شماڵه‌كه‌ی مه‌زهه‌ری خالقی"یان هێنایه به‌رهه‌م و بڵاویان كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سێی ئادار، هونه‌رمه‌ند كاروان محه‌مه‌د ته‌یفوور كه سه‌رپه‌رشتیاری به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كه‌یه و هاوكات ژه‌نیاری كه‌مانچه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یه، بۆ "وشه" گوتی، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند شیشار ئه‌سوه‌د به ئامێری "عوود"، رزگار محه‌مه‌د ره‌ئووف به ئامێری "شمشاڵ" و خۆیشم به ئامێری "كه‌مانچه"، پارچه موزیكی "شنه‌یه‌ك بۆ ره‌شماڵه‌كه‌ی مه‌زهه‌ری خالقی"مان تۆمار كرد و هه‌ر ئه‌مڕۆ به فراوانی بڵاومان كرده‌وه.
پارچه موزیكه‌كه هه‌ڵێنجراوی گۆرانیی "ره‌شماڵی خێڵان"ی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ر خالقییه
كاروان زیاتر گوتی، پارچه موزیكه‌كه هه‌ڵێنجراوی گۆرانیی "ره‌شماڵی خێڵان"ی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ر خالقییه، پێمان خۆش بوو وه‌ك رێزێك بۆ مامۆستا خالقی، ئه‌و گۆرانییه هه‌ڵبژێرین و به‌رجه‌سته‌ی ده‌نگی كه‌مانچه و عوود و شمشاڵی بكه‌ین، هاوكات وه‌ك به‌رهه‌مێكی هونه‌ری بۆ ئه‌رشیڤی خۆمان و هاوكات خزمه‌تی هونه‌ری نوێی كوردی پێ بكه‌ین.
ئه‌وه‌شی گوت، هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند به گرنگمان زانی گۆرانییه كوردییه‌كان به‌شێوه‌ی موزیكیش هه‌بن، تا ئه‌و میلۆدییه كوردییانه هه‌میشه بكه‌وێته به‌رگوێی گوێ‌گران و بینه‌ران، هیوای ئه‌وه‌شمان هه‌یه له داهاتوودا هه‌مان كار وه‌ك موزیك، بۆ هه‌ندێك له گۆرانییه ناودار و كۆنه‌كان بكه‌ین.
هونه‌رمه‌ند كاروان محه‌مه‌د ته‌یفوور به‌ناوی خۆی و هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی به‌شدار له به‌رهه‌مه‌كه، سوپاسی ئه‌وانه ده‌كات كه له به‌رهه‌مهێنانی كاره هونه‌رییه‌كه‌دا ماندوو بوون، ئه‌وانیش ده‌رهێنه‌ر هونه‌ر دیلۆن كه كلیپی بۆ به‌رهه‌مه‌كه كردووه، هاوكارانی به‌رهه‌مه‌كه‌یش دلێر سه‌لیم و نه‌جات به‌گزاده و هه‌ستی رزگار بوون.