داخرانی فەیسبووک دەستی ئێرانی لە پشت بوو

:: AM:11:42:06/03/2024 ‌

ئەوەی دوێنێ بۆ دوو سەعات ڕووی دا كە فەیسبووک و ئینستاگرام داخران و دواتر گەڕانەوە، پێوەندی بە پچڕانی چەند كێبڵێكی گەورەی ئینتەرنێتەوە هەبوو، ئیشەكەش لە بن سەری حووسییەكانی یەمەنە كە گرووپێكی چەكداریی سەر بە ئێرانن.

ئاژانسی "ئاسۆشیتد پرێس" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، سێ كێبڵی گەورەی پێوەندیی ئینتەرنێت كە لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە گواستراونەتەوە، پچڕاون و بووەتە هۆی ڕاوەستانی كۆمەڵێك سایت و پێگەی ئەلیكترۆنی، لەناویاندا چەند پلاتفۆرمێكی كۆمپانیای مێتاشی لە زۆر شوێنی جیهان گرتووەتەوە. واتە كێشەكە تەنیا ڕووبەڕووی فەیسبووك و ئینستاگرام نەبووەتەوە. هەروەها ئەو تۆڕانەی كۆمپانیای مێتا كە بەو كێبڵانەوە نەبەستراون، گرفتیان بۆ دروست نەبووە.

ئاژانسە هەواڵییەكە، ئەم زانیارییانەی لە بەرپرسانی بوارەكەوە وەرگرتووە، بەڵام مەبەستیان بووە ناویان ئاشكرا نەكرێت و پێشیان نەگوتراوە ئەو لایەنەی لە پشت ئەم كارەوە بووە، كوێ بووە.

لای خۆیەوە كۆمپانیای "ئێچ جی سی گڵۆباڵ كۆمیونیكەیشن" كە بارەگاكەی لە هۆنگ كۆنگە، بە ئاسۆشیتد پرێسی گوتووە، ئەو سێ كێبڵەی قرتاون، یەكێكیان پەیوەست بوون بە ئاسیا و ئەفەریقا و ئەرووپا، ئەوی تریان پەیوەست بووە بە ئەرووپا و هیندستان و سێیەمیش تایبەت بووە بە "سیكۆم تی جی ئێن گۆڵف". ئەمەش وای كردووە كاریگەری بەسەر 25%ی داتا و زانیارییەكان دروست بكات كە لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە دەگوازرێنەوە.

هاوكات لەگەڵ پچڕانی ئەو سێ كێبڵە، كۆمپانیای مێتا تووشی گرفێكی گەورە بوو كە بۆ ماوەی دوو سەعات لەسەر ئاستی دونیا زیاتر لە 300 هەزار هەژماری لە فەیسبووك و 20 هەزار هەژماری ئینستاگرام لەكار كەوتن كە ئەمەش زانیاریی "دۆندیتكتۆر"ـە كە سەرچاوەیەكی تایبەتی بواری تەكنەلۆجییە.

ئەگەرچی كۆمپانیای مێتا تا ئێستە تەنیا دوو ڕستەیان نووسیوە كە یەكێكیان داوای لێبوردنە و لەوی تردا دەڵێن لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكەین، بەڵام پسپۆڕانی تەكنەلۆجی ئەم پچڕانەیان بۆ قرتاندنی سێ كێبڵەكەی دەریای ناوەڕاست گەڕانەوە، چونكە لە هەمان كاتتدا وەستا و لەگەڵ چارەسەربوونی كێبڵەكان، ئەمانیش چارە كراون.

مارك زوكربێرگ، خاوەنی كۆمپانیای مێتا، یەكسەر چووە سەر پلاتفۆرمی X  (توویتەر) و دەستی بە بڵاوكردنەوە كرد، بۆ ئەوەی وەڵامی ئیلۆن ماسك خاوەنی ئەو سەكۆیە بداتەوە، چونكە ئەو بە پۆستی نوكتەبازی گاڵتەی بە مارك و پلاتفۆرمەكانی دەكرد، ئەمیش لە بەرانبەردا بۆ ئەوەی ئاستی ئەو شڵەژانەی بەكارهێنەران كەم بكاتەوە، بە زمانی نوكتە پۆستی دەكرد. لە دوا پۆستیشدا وێنەیەكی داناوە كە سوپایەكی سەربازین و لەسەری نووسیویەتی: ئەمە بارەگای ئێسكە، دوای ئەوەی فەیسبووك و ئینستاگرام وەستان. مەبەستی لەوەیە ئەوان دەیانەوێ خۆیان لە هێرش بپارێزن.

لە سەرەتای ڕووداوەكە وا بڵاو كرایەوە كە گرووپێكی هاككەری چینی ئەمەیان كردبێت، بەڵام زانیارییەكانی دواتر بۆ باسی ئەم سێ كێبڵە گۆڕان، ئەگەرچی ئەمیش مەترسییەكەی كەمتر نییە، ئەگەر ڕاست بێت و دەستی حووسییەكانی لەپشت بێت.

پێش چەند ڕۆژێك، میدیاكانی وڵاتی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە كە حووسییەكانی یەمەن بە پلانی ئێران، دەیانەوێت ئەو كێبڵانەی دەریای ناوەڕاست بقرتێنن و هەر ئەو كاتە حووسییەكان ڕەتیان كردەوە كە كاری وا بكەن. دواتریش ئەو میدیا ئیسرائیلییانە ئاشكرایان كرد كە حووسییەكان لە نێوان جەدەی وڵاتی سعوودیە و جیبۆتی، زیانیان بە چوار كێبڵ گەیاندووە. پچڕانی ئەمشەوی ئەو كێبڵانە، دەری خست كە زانیارییە ئیسرائیلییەكان ڕاست بوون.



وشە - عەبدوڵا عومەر