بۆکان جاف شارەزای بواری تەکنەلۆجیا و چالاکى کورد ڕای دەگەیەنێت، لە حەوتی ئاداری ئەمساڵەوە بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمی X توانیویانە سودمەند بن لە وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ ئینگلیزی لە پێگەکە.
ئەمڕۆ 18ی ئادار، پێگەی فەرمیی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی لە کوردستان پیرۆزبایی لە بۆکان جاف و تیمەکەی کرد، کە توانیویانە زمانی کوردی لە پێگەی
X چالاک بکەن، وەک چۆن زمانی کوردی لە گووگڵ چالاکە، ئێستە زمانی شیرینی کوردی بە دیالێکتی سۆرانی لە پێگەی X چالاکە.
بۆکان جاف دەڵێ، چالاککردنی زمانی کوردی لە پێگەی X کە پێگەیەکی جیهانییە و قورسایی نێودەوڵەتیی هەیە، گرنگی زۆری بۆ کورد هەیە و کوردان دەتوانن لەم ڕێگەیەوە پەیامی خۆیان بە گوێی جیهاندا بدەن، زمانی سۆرانی دووەم گەورەترین دیالێکتی زمانی کوردییە و 12 ملیۆن کورد بە زمانی سۆرانی قسە دەکەن.
دەمێکە بۆکان جاف هەوڵ دەدات هاوشێوەی پلاتفۆڕمەکانی تر، زمانی کوردی بۆ پێگەی X زیاد بکات و لە دەمی کڕینەوەی ماڵپەڕەکە لە لایەن ئیلۆن مەسک سەرمایەداری جیهانییەوە، کاتێکی زیاتری خایاندووە تا کۆمپانیاکە زمانی کوردی بخاتە پێگەکەی و دواجار بە هاوکاری کونسوڵگەى گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر توانرا دیالێکتی سۆرانی بۆ پێگەی X زیاد بکرێت.