نووسەرێك: یەكگرتوو فێرە بە سواڵ و سەدەقە بەڕێوە بچێت و وا دەزانێت خەڵكی كوردستانیش لای ئاساییە

:: PM:10:11:20/04/2024 ‌

دوای ئەوەی وەك ئەنجامێكی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ واشنتن و رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەر كرا، ئەمڕۆ یەكگرتووی ئیسلامی و دوێنێش لایەنی تر بابەتەكەیان كردە دەستكەوت بۆ خۆیان، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، مووچە مافی خەڵكی كوردستانە و كەس خێر و سەدەقەی پێ ناكات، بەداخەوە بۆ خۆسووككردنی یەكگرتووی ئیسلامی و موسەننا ئەمینەكان، كە وا دەزانن مووچە خێر و سەدەقەیە و عێراق بە هاووڵاتییانی هەرێمی دەدات.

لەمبارەیەوە سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی 2014ەوە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت، بە بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان ستەمێكی گەورەیان لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و چینی مووچەخۆر بەتایبەتی كرد، ئەوان قوربانی گەورەی ئەم ستەمە بوون.

روونی كردەوە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەوە بوو كە لەگەل حكوومەتی عێراق كێشەكان چارەسەر بكات بەتایبەت پرسی بودجە و مووچە، بەڵام لە بری بەدەنگەوەهاتنی بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە رۆژ لەدوای رۆژ بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆر و بێبنەما خەریكی پیلانگێڕی و گوشاری زیاتر بوو لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

"ئاشكرا بوو ئەوەی كۆڵی نەدا و بەردەوام بوو لە هەنگاونان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوو، ئەو هەمیشە باوەڕی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بوو، لەو چوارچێوەیەشدا جگە لەوەی چەندجار خۆی سەردانی بەغدای كرد، چەندینجاریش شاندی حكوومەتی هەرێمی لەسەر ئاستی باڵا رەوانەی بەغدا كرد، بە ئامانجی چارەسەركردنی بنەڕەتی بۆ كێشەی بودجە و مووچە و كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا"، سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی وای گوت .

دووپاتی كردەوە، ئەوە بوو دواجار سەرۆكی حكوومەت بە ئیرادەیەكی بەهێز و خۆڕاگرییەوە توانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بگاتە جۆرێك لە چارەسەری لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كەواتە ئەوەی خاوەنی چارەسەركردنی كێشەكان ئاساییبوونەوەی دۆخەكەیە تەنیا مەسروور بارزانییە، چونكە ئەم دۆخەی ئێستە هاتووەتە پێش، بەرهەمی ئیرادە و خۆڕاگریی سەرۆكی حكوومەتە.

ئاماژەی كرد، ئەوەی ئێستە هاتووەتە بەرهەم، لە رەوانەكردنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران، مافێكی سەرەتایی خەڵكی كوردستانە، كە چەندین ساڵە بە ناحەق زەوت كراوە و دەستی بەسەردا گیراوە، خێر و سەدەقە نییە وەك ئەو پاڕانەوە و نووزانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر زاری موسەننا ئەمین باسی لێوە دەكات، ئەسڵەن پێویست بەو خۆبچووككردنەوە و خۆسووككردن و  خۆبەكەمزانینە ناكات، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی خۆی فێرە ئەم دۆخەیە بە سواڵ و سەدەقە بەڕێوە دەچێت، وا دەزانێت خەڵكی كوردستانیش بەگشتی وەك ئەوان و لای ئاساییە خێر و سەدەقەی پێ بكرێت، ئەوان وەفا و ئەمەكیان بۆ كورد و خاكەكەی نییە، ئیتر پێویست بەوە ناكات و خەڵك خۆی هۆشیارە.

"نەك هەر مووچە و ماف و شایستە داراییەكان، بەڵكو لە سەریەتی قەرەبووی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بكاتەوە كە لە 2014ەوە دەستی بەسەر ماف و شایستە داراییەكانیاندا گرتووە، هەر ئەوەش نا بەڵكو دەبێت قەرەبووی تەواوی قوربانیانی شاری هەڵەبجە و ئەنفال و زیندەبەچاڵكردن و راگواستنی خەڵكی كوردستان بكاتەوە، وەك ئەوەی كە زیاتر لە 30 ساڵە قەرەبووی داگیركردنی چەند مانگێكی وڵاتی كوێت دەكاتەوە و تا ئێستەش قەرزی ئەو وڵاتە دەداتەوە، بەڵام ئەوەی وای كردووە كە بیر لە وەها شتێك نەكاتەوە و ئەوەی هەشتە زەوتی بكات و دەستی بەسەردا بگرێت، خۆبەكەمزانیی لایەنەكانی هاوشێوەی یەكگرتووی ئیسلامی و موسەننا ئەمینەكانە، كە هەر خەریكی نوزە نووزن و لە بری سەندنی ماف و شایستە داراییەكان چاوەڕێی سەدەقە و خێرن لە حكوومەتی عێراق"، سۆران خاكی وا دەڵێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت