ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌مجاره له نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا، به‌ته‌واوی دوور بوو له ده‌ستی حزبی و رێ نه‌درا حزب ده‌ستوه‌ردانی تێدا بكات و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه، رێككه‌وتنه‌كه به‌ته‌واوی له ئاستی باڵای حكوومیدا كراوه و ئه‌وه كراوه كه فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕێیان ده‌كرد.
دكتۆر جیهاد حه‌سه‌ن ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، رێككه‌وتنه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌ت ده‌بن، هه‌ركات حزب قسه‌ی تێدا كرد، ئه‌وه بۆ موزایه‌ده‌یه، حكوومه‌تێكی گه‌وره كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه ده‌كات، نایه‌ت له‌گه‌ڵ حزبێك دا‌نیشێت قسه بكات و باس له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات، ئه‌مه‌ی حزب ده‌یڵێت ته‌نیا خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه و كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه و ده‌یانه‌وێت به‌و شێوه‌یه ده‌نگ كۆ بكه‌نه‌وه.
هه‌موو كات سه‌ركه‌وتنه‌كانی حكوومه‌ت خاوه‌نیان زۆره
ئه‌و روونی كرده‌وه هه‌موو كات سه‌ركه‌وتنه‌كانی حكوومه‌ت خاوه‌نیان زۆره، هه‌ریه‌كه و هه‌وڵ ده‌دات خۆی بكات به‌خاوه‌نی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه به‌ده‌ست دێن، كاتێكیش كێشه و قه‌یران و گرفتێكیش دێته پێشه‌وه، هه‌موویان خۆیانی لێ لاده‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی حكوومه‌ت، مادام رێككه‌وتنی ئه‌مجاره سه‌ركه‌وتن بوو، كه‌واته ته‌نیا مافی حكوومه‌ته باسی بكات و حزب با هه‌ر بۆ خۆی قسه بكات.
ئارام عه‌دنان چاودێری سیاسی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌میشه به‌و جۆره بووه، كاتێك ده‌ستكه‌وتێك هه‌بێت خاوه‌نی زۆر بووه، به‌ڵام كاتێكیش كێشه‌یه‌ك دروست بووبێت، هه‌موویان په‌نجه‌یان بۆ حكوومه‌ت درێژ كردووه، ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی ئه‌مجاره له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌نیا و ته‌نیا حكوومه‌ت كردی، هیچ لایه‌نێك خاوه‌نی نییه.
وشه/ تایبه‌ت