هەندێك دەرمانی خۆلاوازكردنەوە توانای سێكسیش لاواز دەكەن

:: PM:11:06:29/04/2024 ‌

ئەوانەی قەڵەون یان بەهۆی نەخۆشییەوە ناچارن خۆیان لاواز بكەنەوە، پەنا بۆ چەند رێگەیەك  دەبەن، لەوانە وەرزش یان ریجیمی خۆراك و نەشتەرگەری و هیتریش، كەسانێك پەنا بۆ دەرمانەكانی تایبەت بە خۆلاوازكردنەوە دەبەن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە هەر یەكێك لە 75 كەس كە دەرمانی خۆلاوازكردنەوە وەردەگرن، تووشی لاوازیی توانای سێكسی بوونەتەوە.

لەو ناوەدا ژمارەیەك لەو پیاوانەی هەردوو دەرمانی "ئۆزیمپیك" و "ویگۆڤی" یان دەرمانی تریان بەكار هێناوە، كە بۆ خۆلاوازكردنەوە و لەدەستدانی كێش بەكاردەهێنرێن، باسی كەمبوونەوەی توانای سێكسییان كردووە، بەهۆی كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنەوە، ئەوەش بووەتە جێی سەرسڕمانی پزیشكان، ئەگەرچی بەكارهێنەرانی ئەو دەرمانانە وەك كاریگەرییەكی لا بەلا لەو حاڵەتە وریا كراونەتەوە. 
ژمارەیەك لە بەكارهێنەرانی ئەو دەرمانانە ئاماژەیان كردووە كە دوای خواردنی بە خێرایی توانای سێكسییان كەم بووتەوە، تەنانەت هەندێكیان ئاماژەیان كردوە كە پێنج هەفتە خواردوویانە تووشی ئەو حاڵەتە بوونە و هەندێكیشیان هەر لە دەستیان داوە و بە ڤیاگراش چاك نەبوونەتەوە، تەنیا بە وازهێنان لە دەرمانەكە نەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەك هەر یەكێك لە 75 كەس كە دەرمانی خۆلاوازكردنەوە دەخۆن، بە دەست لاوازیی توانای سێكسییەوە دەناڵێنن، هەندێك لە توێژینەوەكان دەریان خستووە ئەوانەی ئەو جۆرە دەرمانانە دەخۆن تووشی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن دەبن، ئەوەش پزیشكانی تووشی سەرسڕمان كردووە، چونكە لەدەستدانی كێش دەبێتە هۆی رێكخستنی ئاستی هۆرمۆنەكە.

د. شۆنا لیفی، پسپۆڕی قەڵەوی لە زانكۆی تۆلین ئاماژە دەكات كە ئەو كاریگەرییە لا بەلایە پێشبینی نەكراوە، چونكە لەدەستدانی چەوری لەش دەبێتە خۆی كەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئەسترۆجینی مێیینە لە پیاودا، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە روون بكرێتەوە.

بە بەردەوام لاوازبوونی مرۆڤ بە زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بەستراوەتەوە، كاتێك لە یەكێك لە توێژینەوەكان ئاماژە كراوە كە لەدەستدانی كێش ئاستی هۆرمۆنەكە لای 50%ی پیاوە قەڵەوەكان باشتر و زیاتر دەكات، هەروەها بە دەگمەن كەمیی دەردانی هۆرمۆنەكە لاوازیی سێكسی دروست دەكات و زۆر جار هۆكاری تری هەیە، وەك رەقبوونی خوێنبەرەكان و بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆڵ، ئەگەرچی كەمبوونەوەی كار لە خواستی سێكسكردن دەكات، كە رەنگە لێرەوە لاوازیی سێكسی دروست بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل