دادگای فیدراڵی كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:08:30/04/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یەكەم دانیشتنی لەسەر سكاڵای داخستنی نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی بەڕێوە ببات، تا ئێستە كاری نوێنەرایەتییەكان، ڕاییكردنی كاروباری قوتابییانی خێزانە ئاوارەكانی عێراقە كە لە كەمپ و شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی نیسان، دادگای فیدراڵی كۆ دەبێتەوە، بەرنامەی كۆبوونەوەكە لەسەر سكاڵایەك دەبێت كە لە دژی سەرۆك وەزیران و وەزیری پەروەردەی حكوومەتی فیدراڵی تۆمار كراوە، دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراق لە كەمپەكانی ئاوارە عێراقییەكان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون.

ئەو سكاڵایە ئەو كاتە تۆمار كرا كە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان داخست و چارەنووسی هەزارانی قوتابی ئاوارەی خستە مەترسییەوە.

سكاڵاكە دژی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، كە كاریان ڕاییكردنی كاروباری ئەو قوتابییە ئاوارانەیە بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی هەرێم بوون، خێزانەكانیان بە هەر هۆكارێكی سیاسیی، تەناهی یان تایفی، ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ئێستە نزیكەی 148 هەزار قوتابیی ئاوارە لە نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە 24 كەمپی سنووری هەرێمی كوردستان و شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی درێژە بەخوێندن دەدەن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باڵەخانەی قوتابخانەیان بۆ دابین كراوە.


وشە - رامیار جەواد