حزبەكەی حەلبووسی هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكات

:: PM:06:24:30/04/2024 ‌

دوای ئەو گورزە گەورەی چوارچێوەی شیعە لە محەمەد حەلبووسی و حزبی تەقەدومیان دا لە رێگەی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمان، تا ئێستەش ئێستە نەیاری و هەوڵەكانی لاوازكردنی ئەو حزبە بەردەوامە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە نیازە نەیارێكی حەلبووسی بكاتە سەرۆكی پەرلەمان، حزبەكەی حەلبووسیش ئاماژە بۆ كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكات.

ئەنوەر عەلوانی، سەركردە لە حزبی تەقەدوم، گوتی، حزبەكە خۆی بە دوور دەگرێت لە پاڵپشتیكردنی هەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە دەرەوەی حزبی تەقەدوم، چونكە بەركەوتەی سیاسی و دەستووری و نەریتێكی سیاسی هەیە كە لەسەر بنەمای ئەوانە سێ سەرۆكایەتییەكانی عێراق، لەوانەش پەرلەمان پێكهێنراون، كە ئەو پۆستە لە پشكی حزبی تەقەدومە، بەهۆی ئەو زۆرینە پەرلەمانییە سوننەی هەیەتی.

روونی كردەوە، ناكرێ هێزە سیاسییەكان بە هۆی نەیاریی سیاسییەوە بەسەر ئەو نەریتە سیاسی و بەركەوتە سیاسی و هەڵبژاردنەی حزبی تەقەدوم باز بدەن و پۆستەكە بە كەمینەیەكی سوننە بدەن، بۆیە دانی پۆستەكە بەو كەمینە وامان لێ دەكات وەك حزبی تەقەدوم لە پەرلەمان و حكوومەت و تەواوی پرۆسەی سیاسی پاشەكشە بكەین، ئەوەش بۆ رێككەوتنی نێوان هێزە سیاسییەكانەوە جێهێڵراوە، بۆیە ئەگەر بەسەر بەركەوتەی سیاسی و دەستووریدا باز بدرێت، رژدییەك لەو بریارەی حزبەكە هەیە و هەڵوێستێكی توندی سیاسیمان دەبێت. 

دوێنێ دووشەم لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە كۆ بوونەوە و گەیشتنە چەند ئەنجامێك، لەوانە نابێت جارێكی تر دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێتەوە، سازكردنی دووەم گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەر لە كۆتاهاتنی وەرزی ئێستەی یاسادانان، دیاریكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی داهاتوو.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكە بڕیار درا بە دروستكردنی كۆدەنگییەكی پەرلەمانی بۆ سازكردنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوو، لەو دانیشتنەش فراكسیۆنەكانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە سالم عیساوی، كاندیدی خەمیس خەنجەر و نەیار بۆ محەمەد حەلبووسی دەدەن وەك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل