" بەهۆی شەپۆلی پێشبینیكراوی باران تەواوی هێزەكانی بەرگریی شارستانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە "

:: PM:07:03:30/04/2024 ‌
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی، رای گەیاند، "بەهۆی شەپۆلی بەهێزی پێشبینیكراوی باران، گشت هێزەكانمان لەسەر ئاستی هەرێم خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی". هاوکات دووپاتی کردەوە چەند ڕێنوێنییەک لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەرکراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ی نیسانی 2024، سەركەوت كاڕەش گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لەمڕۆوە هەموو هێزەكان لەو شوێنانەی پێویستن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. 

گوتەبێژەکە رێنوێنی هاووڵاتییانی كرد لەكاتی دەست پێكردنی بارانی بەخووڕ و شەپۆلە بەهێزەكە هاتوچۆی نێوان شارەكان كەم بکەنەوە و داوای لە شوفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش كرد زیاتر ئاگەداری لێخوڕین بن و خێراییان كەم بكەنەوە. 

كاڕەش هۆشداری دا بەو هاووڵاتییانەی دانیشتووی نزیك سەرچاوە ئاوییەكانی وەک زێ و رووبارەكانن، "زیاتر گرنگی بە سەلامەتی خۆیان بدەن"


وشە - پۆڵا مەحموود