یەكێك بمرێت، چۆن مۆبایلەكەی بكەینەوە؟

:: PM:07:12:04/05/2024 ‌

ئیدی مۆبایل هاوڕێی ژیانی هەموومانە و كانگەی نهێنی و وردەكاریی ژیانمانە، هەموو زانیارییەكانمان بە وێنە، نامە، پێوەندی و تەنانەت كارتی "هەژماری من" و كارتە بانكییەكانی تریشمان لێ داناوە، بەڵام كاتێك یەكێك دەمرێت، چۆن بتوانین بچینە ناو مۆبایلەكەیەوە؟

لە زۆر وڵات بەپێی یاسا ئەم بابەتە ڕێك خراوە و جیاوازیش لە نێوان وڵاتێك بۆ وڵاتێكەوە هەیە و تا ئێستە جێی گفتوگۆیە، داخۆ كێ دەڵێت ئەو مردووە پێی خۆش دەبوو بچینە ناو مۆبایلەكەیەوە، تەنانەت ئەگەر نزیكترین كەسیشی بین؟ بەهۆی ئەوەی لە زۆر وڵات پاش مردنی كەسەكان هەندێك شتیان لە نامە و زانیاریی مۆبایلەكەی بۆ دەركەوتووە، جێی شەرمندەیی یان جێی بێزاری بووە، ئەم بابەتە هەر بە مشتومڕی ماوەتەوە.

لە وڵاتی كوەیت، كەسانی نزیكی پلە یەكی مردووەكە، داوایەكی یاسایی بەرز دەكەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت مردووەكە پێش ئەوەی بنێژرێت، پەنجەی بخرێتە سەر شاشەی مۆبایلەكە و بكرێتەوە، بەڵام هێشتا لەو وڵاتە دەیانەوێت ڕای ئایینیش بزانن، بۆیە فەتوای زانایان پێچەوانە بوو، گوتیان حەرامە و هەرگیز كەس بۆی نییە پەنجە یان دەموچاوی مردوو بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو مۆبایلەكیەوە، چونكە نهێنیی مردوو ئیدی لای خوای گەورەیە و نابێت هیچ بەندەیەك چیتر هیچی نوێی لەسەر بزانێت.

بەڵام لە فەتواكەشدا ئەوە هاتووە، لە كاتی پێویستیی یاساییدا، دەكرێت ڕێگە بدرێت بچنە ناو مۆبایلەكەیەوە، ئەویش تەنیا بۆ هۆكارێكی تایبەت نەوەك بچنە ناو هەموو شوێنێكی مۆبایلەكە.



وشە - عەبدوڵا عومەر