مەكتەبی راگەیاندنی پارتی فەرهەنگی زارەكی موكریانی تەواو كرد و ئەمڕۆ بڵاوی دەكاتەوە

:: AM:09:23:08/05/2024 ‌
بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا  كۆتاهێنانی كارەكانی پڕۆژەی فەرهەنگی زارەكیی موكریانی نووسەر و فەرهەنگنووس "سەڵاح پایانیانی" رادەگەیەنێت و رێزی لێ دەنێت.

لەم رێوڕەسمەدا گوتار، دیكۆمێنتاری، ستران و موزیك، رێزلێنان و گوڵی وەفاداری تێدا پێشكەش دەكرێـت.

رێوڕەسمەكە ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی ئایار، لە هۆڵی بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری لە سەعات چوار و نیوی ئێوارە بەرێوە دەچێت.

فەرهەنگی زارەكیی موكریان  بەرهەمی سەڵاح پایانیانییە، بریتییە لە 15 بەرگ،  ئەم فەرهەنگە كە زیاتر لە 20 كەس بە ماوەی نزیك 10 ساڵ كاریان لەسەر كردووە و لە دوو سەرچاوەی تەیاری وشەی كوردی پێش خۆی، واتە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگی فارسی_ كوردی زانستگەی كوردستان، كەڵكی وەرگرتووە و 92 هەزار وشەی كوردی لە خۆ گرتووە، وەك ئامادەكاری فەرهەنگەكە دەڵێت، نموونەیەكی باشە بۆ لە محەكدانی فەرهەنگی زارەكیی موكریان و هاوكات دەرخستنی گۆشەیەك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو فەرهەنگە لەچاو فەرهەنگەكانی وشە.

موكریان لە ڕووی جیۆگرافیاوە هەرچەند سنووری بە بست دیاری نەكراوە، بەڵام بەگشتی ناوچەیەكی هەراوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نێوان شارەكانی بۆكان، مەهاباد، سەردەشت، سەقز و میاندواو دەگرێتەوە و بەرەو شنۆ هەڵدەكشێ. لە كۆنەوە چەندان عێل و عەشیرەتی گەورەی تێدا نیشتەجێیە. لە ڕووی ئەدەبیات و وێژەوە بە ڕای خاوەنڕایان، ناوچەیەكی زۆر بەپیت و بەرەكەتە و زمانی  كوردی لەوێندەرێ بواری هەناسە و گەشەی گەرموگوڕە. 

سەڵاح پایانیانی پێشتر لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" لەبارەی ناوەڕۆكی فەرهەنگەكەوە گوتی، دوای دیاریكردنی چوارچێوەیەكی پێشبینانە، بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بە دوو شێوازی مەیدانی و كتێبخانەیی نووسراوە و دەنگی كار كراوە. پێشان هەموو كتێبە كوردییەكانی سەربە ناوچەی موكریان سەرلەنوێ تایپ كراون، پشكێنراون و ئاشتەبای وشە و مانا و نموونەی ناو ئەم كتێبانە دەستە كراون.

پایانیانی زیاتر گوتی، هاوكات دەست كراوە بە سەردانی مەیدانی بۆ شار و دێهاتەكانی سەربە هەموو شارەكانی موكریان بۆكان، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، پەسوێ، شنۆ، نەغەدە، ڕەبەت، خەلیفان و بەشێك لە سەقز كە نزیك 10 ساڵی خایاندووە، ئێستەش نەپساوەتەوە و بەردەوامە و دانیشتن لەگەڵ خەڵك، بەتایبەت بەساڵاچووانی ناوچەكە و لێبیستن و كۆكردنەوەی زانیارییەكان، نووسین و تۆماركردن دواتر پێكگرتن و لە بێژنگدانی داهاتەكە.






وشە - سۆران عەزیز