رۆنی لە رۆژی لەدایكبوونی چەند وێنەیەكی منداڵی بڵاو كردەوە

:: PM:01:23:26/10/2016 ‌

واین رۆنی ئەستێرە و كاپتنی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی پێرێ دووشەم یادی 31 ساڵەی لەدایكبوونی كردەوە كە لە 24ی ئۆكتۆبەری 1985 لەدایك بووە.

لە رۆژی لەدایكبوونیدا رۆنی چەند وێنەیەكی بڵاو كردەوە كە لەسەرجەم وێستگەكانی ژیانی وەرزشیدا گرتبوونی.

رۆنی كە گۆڵكاری مێژووی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕایە، بۆ یەكەمجار ژیانی وەرزشی لە یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی لە تەمەنی 10 ساڵیدا دەست پێكرد، لەو یانەیەدا چەند ساڵێك لە تیپی لاوان یاریی كرد و دواتریش لە 2002 یەكەم یاریی لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەكە ئەنجامدا و توانی گۆڵ تۆمار بكات و بەمەش بووە بچووكترین یاریزان لە مێژووی خولی نایابی ئینگلیزیدا گۆڵ تۆمار بكات.

رۆنی بۆ ماوەی 2 وەرز لە ریزی تیپی یەكەمی یانەی ئێڤەرتۆن یاریی كرد، لە وەرزی 2004-2005 بۆ یەكەمجار بە گرێبەستێك بە بەهای 25.6 ملیۆن پاوەن پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد دوای ئەوەی لە 2003 بە باشترین یاریزانی لاوی خولی نایابی ئینگلیزی دەستنیشان كرابوو.

لەگەڵ یانەی مانچستەر لە 2004 بەشداریی لە خولی ئەوروپا كرد و ناسناوی بچووكترین گۆڵكاری پاڵەوانیەتییەكەی پێدرا، لە 2006 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بەشداریی لە مۆندیال كرد و بە باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانیەتییەكە دەستنیشان كرا.

رۆنی لە یەكەم یاریدا لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی 2004 توانی 3 گۆڵ تۆمار بكات و گۆڵیكیش دروست بكات، ئێستاش بە تۆماركردنی 50 گۆڵ وەك گۆڵكاری مێژوویی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا هەژمار دەكرێ.

لە ژیانی كۆمەڵایەتیشدا رۆنی لە ئینگلتەڕا بە لاوی زێڕین دەناسرێت و هاوسەرگیری لەگەڵ كۆلن رۆنی كردووە و 2 كوڕیشیان هەیە.



















وشە - ئامانج ئه‌كره‌م