ڤینیسیوس یانەی ریال مەدریدی رەت كردووەتەوە

:: AM:11:09:17/05/2017 ‌

ڤینیسیوس جۆنیۆری ئەستێرەی لاوی یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی بڕیاریدا گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی نوێ بكاتەوە، بەمەش دەنگۆكانی چوونی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە درۆ خستەوە.

ڤینیسیوس /16 ساڵ/ لە ماوەی رابردوودا لە ریزی تیپی لاوانی یانەی فلامینگۆ یاریی دەكرد، شەمووی رابردووش بۆ یەكەمجار لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەكە بەشداریی لە خولی تۆپی پێی بەڕازیل كرد.

یانەی ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا گرینگییەكی گەورەی بە گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە لاوە دابوو، رۆژنامەكان بڵاویشیان كردبووەوە كە یانەكە بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی فلامینگۆ رێككەوتوون و بۆ وەرزی داهاتوو بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ روو لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاماژەیان بەوەشدابوو كە یانەی ریال مەدرید سەرجەم كارەكانی گواستنەوەی ڤینیسیوسی تەواو كردووە و تەنیا ئەوەی ماوە بەفەرمی گرێبەستەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا بكرێ.

لای خۆیەوە یانەی فلامینگۆ لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردەوە كە توانیویانە گرێبەستێكی نوێ لەگەڵ ڤینیسیوس ئیمزا بكەن و بۆ ماوەیەكی درێژ دەست بەو هێرشبەرە لاوەیانەوە بگرن.

یانەكە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ڤینیسیوس لە گرێبەستە نوێیەكەدا بۆ 45 ملیۆن یۆرۆ بەرز كردووەتەوە، هەروەها مووچەی مانگانەكەشی لەبەرامبەر یاریكردن لە ریزی یانەكەیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە رێككەوتنەكەی ڤینیسیوس و یانەی ریال مەدرید بڵاو دەكرانەوە دوورن لە راستییەوە و ئەو هێرشبەرە لاوە بۆ وەرزی داهاتوو و تەنانەت ماوەیەكی درێژتریش هەر لە ریزی یانەی فلامینگۆ دەمێنێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م