مانچستەر یونایتد بەفەرمی داوای ئەستێرەكەی ریال مەدریدی كرد

:: AM:11:25:17/05/2017 ‌

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئینگلیزی ئاشكرای كرد، یانەی مانچستەر یونایتد بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە یانەی ریال مەدرید كردووە بەمەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵ خامیس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی.

وارگەی (سكای سپۆڕت) بڵاوی كردەوە: یانەی مانچستەر یونایتد بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە یانەی ریال مەدرید كردووە بۆ ئەوەی بۆچوونیان سەبارەت بە فرۆشتنی رۆدریگیز بزانن.

دەستەوارەكەی یانەی مانچستەر یونایتد بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ رۆدیگیز برێتییە لە 80 ملیۆن یۆرۆ، یانەی ریال مەدریدیش تا ئێستا وەڵامیانی نەداوەتەوە.

رۆدریگیز لە یاریی یەكشەمی رابردووی یانەی ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سڤیلییە لەلایەن هاندەرانەوە چەپلەی بۆ لێدرا، رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەدابوو كە ئەم یارییە یاریی ماڵئاوایی بوو بۆ رۆدریگیز لە ریزی یانەی شاهانەدا.

 وارگەی (ئاڕ سی ئێن)ی كۆڵۆمبی هەفتەی رابردوو بڵاوی كردبووەوە: جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كۆ بووەتەوە و هەردوولا لەسەر چارەنووسی رۆدریگیز رێككەوتوون.

پێرێز لە كۆبوونەوەكەدا دوای لە مۆرینۆ كردبوو تا كۆتایی ئەم وەرزە بووەستن بۆ ئەوەی دوا بڕیاری خامیس بزانن، جەختیشی كردووەتە كە لەلایەن زێنەدین زێدانی راهێنەرەوە گلۆپی سەوزی فرۆشتنی بۆ هەڵكراوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابوو كە رۆدریگیز لەگەڵ زانینی هەواڵەكە دڵخۆشبووە و رەزامەندی پێشانداوە بۆ وەرزی داهاتوو دووبارە لەسەر دەستی راهێنەرە پورتوگالییەكەی پێشووی لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد لە خولی نایابی ئینگلیزیدا یاریی بكات.

چاوەڕوانیش دەكرێ دوای یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و یۆڤانتۆس كە بڕیارە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لە شاری كاردیف بەڕێوە بچێت، بەفەرمی هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و ریال مەدرید لەسەر گواستنەوەی رۆدریگیز رێك بكەون و گرێبەست ئیمزا بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م