گۆڵپارێزێكی ناسراوی هەولێر كۆچی دوایی كرد

:: PM:10:02:17/05/2017 ‌

ئەمڕۆ گۆڵپارێزی ساڵانی هەشتاكانی هەولێر دڵدار فەیسەڵ بە هۆی نەخۆشییەكی ماوە درێژەوە كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ 17/5/2017، وەرزشوان و گۆڵپارێزی پێشووی شاری هەولێر دڵدار فەیسەڵ، ناسراو بە گدان، بە هۆی سەختیی نەخۆشییەكەیەوە گیانی لە دەست دا.

ناوبراو ساڵانێكی بوو باری تەندروستی تەواو نەبوو، بەشێكی زۆری چاودێران و رۆژنامەنووسانی وەرزشی و كەسانی نزیكی بواری وەرزش، گلەییان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە كە بە دەمییەوە نەچوون و پشتگوێیان خستبوو.

ئەحمەد یووسف، ناوبژیوانی شاری هەولێر، بە نیگەرانییەوە باسی كۆچیی دوایی ناوبراوی كردووە و دەڵێ: ئەو هاوڕێیەكی نزیك و وەرزشوانێكی خۆشەویست بوو، بەداخەوە پشتگوێ خرابوو، تا كۆچی دوایی كرد.

لەلایەكی دیكەوە، سەفین كانەبی سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان، داخباری خۆی بۆ كۆچی دوایی ئەو گۆڵپارێزەی پێشوو دەردەبڕێ و دەڵێ: ئەمڕۆ گۆڵپارێزێكی ناوداری شاری هەولێرمان لە دەست دا.

بۆ زانین، شاری هەولێر ساڵانێكی زۆر بە بوونی گۆڵپارێزی ئاستباڵا ناووبانگی دەكردووە، پێشتر شێرۆ خەلیك و دڵدار فەیسەڵ و پاشان سەرهەنگ موحسین و دیدار حامید، كە لە ریزەكانی هەڵبژاردەی عێراق یارییان كردووە.



وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د