فالكاو و یاریزانێكی ریال مەدرید لە دادگای ئیسپانیا داوا دەكرێن
رادمێل فالكاوی هێرشبەری كۆڵۆمبی و یانەی مۆناكۆی فڕەنسی دوای 4 ساڵ لە جێهێشتنی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە داوا دەكرێ بەتۆمەتی شاردنەوەی پارە بۆ نەدانی باج بە حكوومەتی ئیسپانیا.
ئاژانسی (فڕانس پرێس) بڵاوی كردەوە: دادگای ئیسپانی پەردەی لەسەر گەندەڵی و خۆ دزینەوە لە باجی دوو یاریزانی پێشووی خولی ئیسپانیا هەڵداوەتەوە، ئەوانیش برێتین لە فالكا و فابیۆ كوێنتراوی بەرگریكاری پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید.
بەگوێرەی سەرچاوەكە فالكاو لەنێوان ساڵانی 2012 و 2013 كاتێك یاریزانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بووە بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك خۆی دزیوەتەوە لە پێدانی باج بەبەهای زیاتر لە 5 ملیۆن یۆرۆ.
لە راپۆرتی رۆژنامەكەدا هەروەها هاتووە كە كوێنتراویش پارەیەكی زۆری وەك باج نەداوەتە حكوومەتی ئیسپانیا و بەهۆیەوە داوای لێكراوە لەبەردەمی دادگا ئامادەبێت.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە پارەكانی ئەو دوو یاریزانە لەبەرامبەر ئەو مووچەیە بووە كە لە یانەكانیان وەریان گرتووە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لە بڵاوكردنەوەی وێنە و ریكلامەكاندا دەستیان كەوتووە كە دەبوو بەشێك لەو داهاتانەیان وەك باج بدابووایە بە حكوومەتی ئیسپانیا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم