له‌یلا مجیدى خاتوونه ئه‌كته‌ر، له بواره‌كانی سینه‌ما و هونه‌ری نواندن رۆڵ ده‌بینێت و هه‌ندێك جاریش وه‌ك مۆدێلیست ده‌رده‌كه‌وێ، له دیمانه‌یه‌كىدا كه ڕۆژی چوارشه‌م 24ی ئایار\مایۆ له هه‌فته‌نامه‌ی "وشه" بڵاوده‌كرێته‌وه، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و بڕیاری داوه كاری هونه‌ری بكات بۆیه ئاماده‌یه هه‌موو رۆڵێك ببینێت و هه‌ر به‌ریه‌ككه‌وتن و جوڵه‌یه‌كیشی تیادا بێت. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه له نێوان هاوسه‌ر و هونه‌ردا دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرێت.
مه‌جیدی ده‌ڵێ "خه‌ڵك هه‌یه به خه‌یاڵى منه‌وه ده‌ژى، چونكه من كه‌سێكم به به‌رده‌وام كارى تازه‌م هه‌یه و تێكه‌ڵى كۆمه‌ڵگه‌م، چیرۆكى له‌مشێوه‌یه‌م زۆره، چه‌ندان كه‌س هه‌ن به خه‌یاڵى منه‌وه شیعر ده‌نووسن و وێنه ده‌كێشن
ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده ده‌ڵێت: "من ئه‌كته‌رم و بڕیارم داوه كارى هونه‌رى بكه‌م، ئاماده‌م هه‌موو جۆره رۆڵێك ببینم، هه‌ر جۆره جوڵه و به‌ریه‌ككه‌وتنێكى تێدا بێت، به تایبه‌ت كه ده‌رهێنه‌رێكى بیانى بێت ئه‌وان زیاتر له په‌یامى هونه‌رى تێده‌گه‌ن".
هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات كه به‌هۆی كاره هونه‌رییه‌كانییه‌وه تووشی كێشه بووه و ده‌ڵێت: "به به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووى كێشه بوومه‌ته‌وه، به تایبه‌ت له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌كاونت به ناوم ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام نه‌بووه‌ته هۆى وه‌ستانم له هونه‌ر، كه‌سێك كه ده‌ركه‌وت بوو به كه‌سایه‌تیی گشتیی ئیتر كێشه‌ى بۆ دروست ده‌بێت و ده‌بێ چاوه‌ڕوانكراو بێت لای باسی بكه‌ن".