بەرشەلۆنە بەفەرمی وادەی راگەیاندنی ناوی راهێنەرە نوێیەكەی ئاشكر كرد

:: AM:11:12:22/05/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی ئەو وادەیەی ئاشكرا كرد كە تێیدا ناوی راهێنەرە نوێیەكەی بۆ وەرزی داهاتوو رادەگەیەنێ.

لویس ئێنریكی دوای ئەنجامدانی یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەلاڤیس لە رۆژی 27ی ئەم مانگە واز لە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە دێنێ، دوای ئەوەی ماوەی 3 وەرز لەگەڵ یانەكە بەردەوام بوو.

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: رۆژی 29ی ئەم مانگە واتە 2 رۆژ دوای یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا ناوی راهێنەرە نوێیەكەمان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا دەكەین.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی ئەتلەتیك بیلباو نزیكترین كەسە بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی داهاتوودا.

یانەكە هەروەها لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) پیرۆزبایی لە یانەی ریال مەدریدی ركابەری كرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە دوا یاریی خولەكەدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مەلەگەی بردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م