ڤینگەر بڕیاری یەكجارەكی لەسەر ئارسناڵ ئاشكرا دەكات

:: AM:10:15:28/05/2017 ‌

ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی ئاشكرای كرد كە تاڕادەیەكی زۆر لە وادەی دیاریكردنی چارەنووسی لەگەڵ یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی نزیك بووەتەوە.

سەر لە ئێوارەی دوێنێ شەموو یانەی ئارسناڵ لە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزیدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی چێڵسی پاڵەوانی خولی نایابی ئیگلیزی بردەوە و ناسناوەكەی بەدەستهێنا.

ماوەی دووساڵە بەشی زۆری هاندەر و هەوادارانی یانەی ئارسناڵ لەسەرتاسەری جیهان داوای رۆیشتنی ڤینگەر دەكەن ئەویش بەهۆی ئەنجامە خراپەكان و دووركەوتنەوە لە بەدەستهێنانی ناسناوەكان بەتایبەتیش ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

ڤینگەر دوای سەركەوتنی لە یارییەكەی شەوی رابردوودا ئەو وادەیەی دیاری كرد كە تێیدا بڕیاری كۆتایی و چارەنووسی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ رادەگەیەنێ.

ئەو راهێنەرە فڕەنسییە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: رۆژی سێشەمی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەم لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئارسناڵ هەیە، بۆیە پێتانی رادەگەیەنم كە رۆژی چوارشەم یان پێنجشەم بڕیاری یەكجارەكی لەسەر مانەوە و جێهێشتنی یانەكە ئاشكرا دەكەم.

جێی باسە ڤینگەر یەكەم راهێنەرە زۆرترین ناسناوی جامی یەكەتیی ئینگلیزی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ بردبێتەوە كە 7 جامە، یانەی ئارسناڵیش یەكەم یانەیە زۆرترین ناسناوی پاڵەوانیەتییەكەی بەدەستهێنابێت كە 13 ناسناوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م