بەرشەلۆنە بەفەرمی ناوی راهێنەرە نوێیەكەی ئاشكرا دەكات

:: AM:09:30:29/05/2017 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەفەرمی ناوی راهێنەرە نوێیەكەی لە شوێنی لویس ئێنریكی بۆ وەرزی داهاتوو ئاشكرا بكات.

ئێنریكی ئەم هاوینە دوای سێ ساڵ بەرەسمی كاری راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە بەجێدێڵێ، ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری پێشووی یانەی ئەتلەتیك بیلباو نزیكترین كەسە بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی داهاتوودا.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئەمڕۆ دووشەم یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوی راهێنەرە نوێیەكەیان ئاشكرا دەكات كە ئەویش ڤالڤێردییە.

یانەكە لەم وەرزەدا لەسەر دەستی ئێنریكی بە دۆخێكی خراپ و زەحمەتدا تێپەڕی و هەردوو گەورە ناسناوی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای لەدەستدا، یانەكە پێرێ شەموو تاكە ناسناوی ئەمساڵی بەدەستهێنا ئەویش جامی شای ئیسپانیا بوو.

چاوەڕوانیش دەكرێ لەگەڵ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن ڤالڤێردییەوە چەند گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی یانەكەدا بكرێ و چەند یاریزانێك بفرۆشرێ و چەند یاریزانێكی تریش بكڕێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م